05 – بەهەشت
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: بەهەشت.
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: بەهەشت.
بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾
»ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە. لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
»زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.
»لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.
»یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
»یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.
»ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
»ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە،
»لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە، لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە، وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»
»«بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
»هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە.
»ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
»تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
»یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی، تەختی یەزدان لە ئاسمانە، تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
»ڕێگای ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە، خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.
»ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات، لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت، بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی.
»داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی، ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
»تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و گۆڕ نەبینێت.
»گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.
»هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.
»وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
»یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.
»وەک شەونمی حەرمۆن کە دێتە خوارێ بەسەر کێوی سییۆن، چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.
»لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە، ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.
»خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا تێبگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی.
»لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. سەرافیمەکان لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
»گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
»گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
»مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.
»خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە، ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت: «لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم، هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام کە دڵشکێنراون و بێفیزن، بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.
»ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ، درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ، بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت. لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت، مانگی تۆ کەم ناکات، چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت. لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
»«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە.
»یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە. کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
»یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت.
»یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت، ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن، ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە، لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
»لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری. ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.
»لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»
»«لە سەردەمی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمان پاشایەتییەک دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت، بۆ گەلی دیکە بەجێناهێڵدرێت، هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات و کۆتاییان پێدەهێنێت، ئەو هەتاهەتایە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە.
»«لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، بەسەر هەوری ئاسمانەوە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی. ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.
»بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“
»پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“
»زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.
»دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
»شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
»لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
»«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
»خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
»بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
»«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن: «”ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
»مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە، [چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.]“
»«لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن و دز دەیبڕێت و دەیدزێت. بەڵکو سامان بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن و دزیش نایبڕێت و نایدزێت، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
»«لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.
»«نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە.
»کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“
»ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە.
»قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟» وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە،
»نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.»
»ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
»«شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
»«هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت.
»«هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و
»جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.»
»لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
»کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی دایبخەیت، لە ئاسماندا داخراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.»
»فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
»«ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. [
»«ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.
»بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.»
»ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.» پێی گوت: «کامیان؟» عیساش فەرمووی: «﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾» گەنجەکەش پێی گوت: «هەموو ئەمانەم بەجێگەیاندووە، ئیتر لە چیم کەمە؟» عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت، بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.» بەڵام گەنجەکە کە ئەم قسەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
»عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: بە زەحمەت دەوڵەمەند دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
»عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، ژن، منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت.
»«پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.
»لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
»«لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت.
»ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
»«لەو کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد. بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد.
»«گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
»«ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە،
»«ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»
»عیسا لێیان نزیک بووەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ.
»کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
»کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.» بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
»کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟
»ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
»ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی «﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾
»بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
»تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟» وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾» عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
»بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
»پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.
»«ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“
»بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
»کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.» کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»
»ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»
»ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.» پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»
»ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن.»
»عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە.
»باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە. هەروەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.» لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،
»ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.
»بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.»
»«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە.
»«لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
»نووسراوە پیرۆزەکان دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن،
»بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
»خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»
»ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە.
»منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
»ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،
»شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە.
»ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت.
»عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
»ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت.
»ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.
»کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی: «باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە.
»عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من سەر بەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من سەر بە ئێرە نییە.»
»«﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
»کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
»ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»
»بەوپەڕی ئازایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.
»ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن.
»تاکو چۆن گوناه بە مردن حوکمڕانی کرد، ئاواش بە ڕاستودروستی نیعمەت حوکمڕانی دەکات بۆ ژیانی هەتاهەتایی بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
»بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونەتە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە، چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.
»چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾
»بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾
»بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
»ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾ ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾ جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە.
»چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.
»لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین،
»ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین.
»مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم. جا بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت. دەزانم ئەو مرۆڤە، بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت، بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات.
»خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
»ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا بەرەکەتدار کردووە،
»بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا،
»چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەوە زۆر باشترە،
»بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.
»خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە،
»بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین،
»هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.
»هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت.
»بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.
»وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
»لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.
»لە کێشمەکێشی باوەڕەکەدا باش تێبکۆشە. دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک لەبەردەم چەندین شایەتدا بە باشی دانت پێدا نا.
»ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن و ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن.
»ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.
»مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
»بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە.
»تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر.
»بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت: ﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
»کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە،
»لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.
»پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت.
»بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
»بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە، بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون،
»لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.
»بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە. ئەو میراتە بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە،
»ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.
»خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان.
»بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.
»ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت.
»جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.
»ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.
»خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین.
»ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت. ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە.
»هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.
»خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن لە کاتێکدا چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەبن کە ژیانی هەتاهەتاییتان بۆ بهێنێت.
»«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»
»ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم.
»«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم.
»پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو.
»لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ. لە ناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو. شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن: «پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
»هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاسی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، کە هەتاهەتایە زیندووە، بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن: «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»
»ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.» ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو،
»پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «ڕزگاری هی خودامانە، کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و هی بەرخەکەیە.» هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، دەیانگوت: «ئامین! ستایش و شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خودامانە، هەتاهەتایە! ئامین!»
»بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»
»پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
»پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ. میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان، بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
»پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»
»پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
»پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت. گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
»دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم. بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.» یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکرابوون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان بدەم، ژنی بەرخەکە.»
»بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە. شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ. شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون. لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا. شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.
»ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت. شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون. شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا. بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف. بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود، پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت. دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.
»پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بەتوانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون. شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی. نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن. دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت. شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن. هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.
»پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، هەر مانگە و بەرهەمێک. گەڵای درەختەکەش بۆ چاکبوونەوەی نەتەوەکانە. ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە. لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
»«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە.
»ڕۆحی پیرۆز و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بڵێت: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت، ئەوەی دەیەوێت با بەخۆڕایی ئاوی ژیان ببات.
»