07 – ڕۆژی قیامەت
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: ڕۆژی قیامەت.
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: ڕۆژی قیامەت.
پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران.
»وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
»ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات.
»کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە.
»حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟»
»لەلای یەزدانی پەروەردگارتان بێ کەموکوڕی دەبن.
»لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.
»ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
»«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە.
»بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە. پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم. ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم! «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“ لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»
»بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت، ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
»با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و بزانێت کە کەموکوڕیم نییە.
»بێگومان بەدکاران وانین، بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە. بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن، نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن. یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات، بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
»بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە. بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
»بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
»لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.
»خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.
»بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە، چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
»لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە، ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە. خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی، فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە، ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟
»لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.
»بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و سزای بەدکاران دەبینیت.
»لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی.
»لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، گەلانیش بە دادپەروەری.
»هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی. هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا، لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون، پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
»یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
»بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
»جا لە دڵی خۆمدا گوتم: «کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش خودا دادگایی هەردووکیان دەکات، چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت، بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.»
»ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
»هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە. خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات، بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە، جا چاک بێت یان خراپ.
»ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
»سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
»مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.
»مردووەکانت زیندوو دەبنەوە، لاشەکان هەڵدەستنەوە. هەستن و گۆرانی بڵێن ئەی دانیشتووانی خۆڵ، چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە، زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
»ڕووتیت دەردەکەوێت، هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت. تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و لە کەس نابوورم.» ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە، پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
»بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان و ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان، بۆ دڵنەواییکردنی هەموو ماتەمدارەکان.
»«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە.
»یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت. لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت. «دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»
»چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
»«کاتێک تەماشام دەکرد «تەختەکان دانران و خودای جاویدانی دانیشت، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو. تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو، چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو. ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی، لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت. بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون. ئینجا دادگا دانیشت و کتێبەکان کرانەوە.
»بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“
»تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند، هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن.
»لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو. «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت. پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“
»«لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکەکە نووسرابێت، دەرباز دەبێت. زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن. «تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»
»«بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»
»«ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
»کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوقییەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
»ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
»شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
»ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
»چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.
»«لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.
»بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەکرێتەوە یان هەنجیر لە چقڵ؟ بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.
»«نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە. لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“ ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!“
»ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای خاکی سەدۆم و عەمۆرا لە هی ئەم شارە سووکتر دەبێت.
»لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.
»بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»
»بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
»کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
»«هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
»چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.
»چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟ کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکیەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە.
»فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
»«پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.
»«کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو. پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو. «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
»«ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟
»بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
»«لەو کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد. بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەو بردنییەوە و نوستن. «لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەوپیری بچن!“ «هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“ «بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“ «لەکاتێکدا گێلەکان ڕۆیشتن بۆ زەیت کڕین، زاوا گەیشت، ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵی چوونە ژوورەوە بۆ زەماوەندەکە و دەرگا داخرا. «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“ «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“
»«گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
»«کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت. هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ. «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“ «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“ «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“ «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“ «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“ «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“ «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»
»بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.»
»ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
»چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی.
»«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. «﴿لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.﴾
»ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.
»شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
»هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت. «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.
»پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.
»یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون: «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن. لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ «وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“ «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“ «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“ «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
»بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە. خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»
»یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.» بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟ سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.» ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.» پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»
»عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا.
»لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە.
»ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.
»«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت. دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە. «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
»خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»
»کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.
»ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە.
»ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،
»دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»
»مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.» عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە.
»ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت.
»ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات.
»ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت.
»ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە.
»لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.» کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.»
»هەروەها هەمان ئەو هیوایەم بە خودا هەیە کە ئەو پیاوانە هەیانە، کە هەستانەوە بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش دەبێت. لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.
»سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت. پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن، بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین، بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین. لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.
»کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟ بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆدەکەیتەوە. خودا ﴿پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.﴾ ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، چونکە خودا لایەنگری ناکات.
»هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن، چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن. بێگومان ئەو نەتەوانەی کە شەریعەتیان نییە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە. ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی شەریعەت لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات، لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی کە من ڕایدەگەیەنم.
»ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا.
»بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.
»بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین. ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین.
»بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونەتە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە، چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.
»کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت.
»خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾
»ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.﴾ کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
»ئەو هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی پەروەردگارماندا بێ گلەیی بن.
»کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت.
»کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
»ئایا ئێوە نازانن کە زۆرداران نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز، نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا. جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆز کران و بێتاوان کران بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان.
»بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین.
»بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە. بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
»بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
»ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾
»چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، جا باش بێت یان خراپ. لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین.
»چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.
»ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.
»خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
»ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بەهۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی،
»بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە. کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
»ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی، تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.
»بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.
»خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.
»بەڵام ئێستا بە مردنی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ کەموکوڕی پێشکەشتان بکات، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی بۆ هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.
»کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، چونکە بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و
»بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.
»با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.
»خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن.
»ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە، هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.
»بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.
»جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن.
»لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.
»کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان،
»ئەم قسەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین، ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
»لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم:
»سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
»لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، چونکە ئەگەر پابەندبوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە،
»وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
»ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە، تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»﴾
»هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە. ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.
»لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾ کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
»بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە، بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون،
»با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات.
»ئیتر ئەو کاتەی لە ئەنجامدانی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستیی قێزەون.
»بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات، چونکە بەم هۆیەوە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین. کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن.
»چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟
»خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن.
»ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن. چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان بکەن، هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن. بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن. کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن. چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن. لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو، بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت. ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
»بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون. بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بۆ تۆبەکردن بێن.
»بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت. کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.
»خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە.
»تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە. خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین.
»دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
»بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین.
»ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.
»هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
»ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
»تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.»
»بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە. بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ کەموکوڕی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت،
»کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم. منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.
»«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»
»«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»
»ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم.
»«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم.
»بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟»
»فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی، مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
»نەتەوەکان تووڕە بوون، بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە. کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات، بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.» پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
»درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، ئەوان بێ کەموکوڕین.
»بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
»هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
»گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت: «تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە، چونکە ئاوا حوکمت داوە، چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە، تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.» گوێم لە دەنگێک بوو لە قوربانگاکەوە دەیگوت: «بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.»
»پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە، چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»
»پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»
»پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت.
»چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد. (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.)
»پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران. دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا. مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە. هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.
»پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت. گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
»دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم. بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»
»هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.
»ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت. «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە.
»