17 – ئایینە درۆینەکان

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: ئایینە درۆینەکان.

سێ گرنگترین ئایەت

«

بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

»
«

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت. پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،

»
«

«”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 176 بڕگەکان

«

مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

»
«

هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.» بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.» ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

»
«

دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «ئێستا سکت پڕە، کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسماعیل، چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو. ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی لێ دێت. دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو. دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»

»
«

ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەژێر سایەی بەرەکەتی تۆدا ژیانی بەسەر دەبرد.» خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.»

»
«

لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو.

»
«

ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.

»
«

جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.

»
«

هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی. جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر.

»
«

ئیتر ئاوایان کرد، هارون بە گۆچانەکەی دەستی درێژکرد و لە خۆڵی زەوییەکەی دا، مێشوولە هاتە سەر خەڵک و سەر ئاژەڵەکان، لە هەموو خاکی میسر هەموو خۆڵی زەوییەکە بوو بە مێشوولە. جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد بۆ پەیدابوونی مێشوولە، بەڵام نەیانتوانی. لەبەر ئەوەی مێشوولە لەسەر خەڵک و لەسەر ئاژەڵ مایەوە، جادووگەرەکان بە فیرعەونیان گوت: «ئەمە پەنجەی خودایە.» بەڵام فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.

»
«

جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکانی دا.

»
«

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت. پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،

»
«

هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.

»
«

«ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.

»
«

«ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ بکرێت.

»
«

«ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە پێم فەرموون و ناوی خودایەکی دیکە مەهێنن، لە دەمتانەوە نەبیسترێت.

»
«

کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.» هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.» جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا. ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.»

»
«

زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن و دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.“» هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن. ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

»
«

ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد،

»
«

بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوە. کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە. «ئاگادار بن لەوەی پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن. کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون. «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.

»
«

پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە دروستکراون و لەشفرۆشیی ڕۆحییان بۆ دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“

»
«

«”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

»
«

«”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن. «”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.

»
«

«”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.

»
«

«”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

»
«

«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن. منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت.

»
«

«”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار تاکو بە شوێنکەوتنیان لەشفرۆشیی ڕۆحی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.

»
«

«”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»

»
«

«”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم.

»
«

نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە.

»
«

هەموو دانیشتووانی خاکەکە لەپێش خۆتان دەربکەن. هەموو پەیکەرە تاشراو و بتە داڕێژراوەکانیان لەناوببەن، هەموو نزرگەکانی سەر بەرزاییان تێکبدەن.

»
«

ئەو ڕۆژەی یەزدان لە حۆرێڤ لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا، ئێوە هیچ وێنەیەکتان نەبینی، بۆیە باش خۆتان بپارێزن نەوەک گەندەڵ بن و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن، وێنەی نموونەیەک لە شێوەی نێرینەیەک یان مێینەیەک، یان لە شێوەی ئاژەڵێک لەوانەی لەسەر زەوین یان لە شێوەی باڵندەیەکی باڵدار لەوانەی لە ئاسمان دەفڕن، یان لە شێوەی خشۆکێک لەوانەی لەسەر زەوییە، یان لە شێوەی ماسییەک لەوانەی لەناو ئاو لەژێر زەوی. هەروەها نەوەک چاو بۆ ئاسمان بەرز بکەیتەوە و تەماشای خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە ئاسماندا ڕێکخراون بکەیت، کە یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو گەلانی داوە کە لەژێر هەموو ئاسمانن و هەڵبخەڵەتێی و کڕنۆشی بۆ ببەیت و بیپەرستیت.

»
«

چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بەتینە، خودایەکی ئیرەدارە.

»
«

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت. پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،

»
«

بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان کە لەنێوتاندایە، خودایەکی ئیرەدارە، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات.

»
«

ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن، چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات. بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن، قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوە و بتەکانیان بە ئاگر بسووتێنن،

»
«

هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز، قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە. بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن،

»
«

دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.» بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.

»
«

ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان، جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە، ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا.

»
«

ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە، لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن، لەمپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە،

»
«

بە پێچەوانەی فەرمانی منەوە، خوداوەندی دیکە، خۆر، مانگ یان هەر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان دەپەرستێت و کڕنۆشی بۆ دەبات، جا پێتان ڕاگەیەنرا و بیستتان، دەبێت ئێوە باش لێی بکۆڵنەوە. ئەگەر تاوانبارکردنەکە ڕاست بوو و بێگومان ئەو کارە قێزەونە لە ئیسرائیل کرابوو، ئەوا ئەو پیاوە یان ئەو ئافرەتەی ئەو بەدکارییەی کردووە، دەریبکەن بۆ لای دەروازەی شارەکەتان و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت.

»
«

ئەوانەتان تێدا نەبێت کە کوڕەکەی یان کچەکەی وەک قوربانی بسووتێنێت، هەروەها نە ئەوانەی فاڵگرتنەوە دەکەن و نە بەخت خوێندنەوە و نە جادووگەری و نە سیحربازی، نە ئەوانەی نوشتە دەکەن و نە ئەوانەی نێوانگرن و نە ئەوانەی ڕۆح ئامادەکارن و نە ئەوانەی ڕاوێژ بە مردووان دەکەن، چونکە هەرکەسێک ئەم نەریتانە پەیڕەو بکات لەلای یەزدان قێزەونە، هەر بەهۆی ئەم نەریتە قێزەونانەیە یەزدانی پەروەردگارتان نەتەوەکان لەبەردەمتان ڕاو دەنێت.

»
«

بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»

»
«

«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.» هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!»

»
«

ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد. بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خودایەک نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون.

»
«

ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.

»
«

بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون.

»
«

بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.

»
«

نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.

»
«

جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»

»
«

بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم. بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.» نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.» ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.

»
«

ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن دایاننا. جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە. بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە. لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ نانێن بەسەر سەکۆی بەر دەروازەکەدا. یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی جەستەی کردن. کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.»

»
«

یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە، کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە. لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

»
«

کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە دوورخستبووەوە.

»
«

لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.» خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.» ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.» بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»

»
«

ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت. لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا. هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.

»
«

ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.

»
«

پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.»

»
«

هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند. تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان.

»
«

ئەلیاسیش لە هەموو گەل چووە پێشەوە و گوتی: «هەتا کەی لەنێوان ئەم دووانەدا دوو دڵ دەبن؟ ئەگەر یەزدان خودایە دوای بکەون، ئەگەر بەعلیش خودایە دوای ئەو بکەون.» بەڵام گەل بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە. پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون. دوو جوانەگامان بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم. ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.» هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.»

»
«

ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.» ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام نە دەنگ هەبوو، نە کەسیش وەڵامی دایەوە. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو. لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی کرد بە گاڵتەپێکردنیان و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدابێت، چووبێتە سەرئاو، لە گەشت بێت، یان لەوانەیە نوستبێت و دەبێت خەبەر بکرێتەوە.» ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە. کاتێک عەسر داهات هەتا کاتی قوربانی ئێوارە حاڵیان کرد، بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام و کوا گوێگر؟

»
«

ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە. پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.» لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە تۆوی تێدا دەبووەوە. ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.» گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە. گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە. جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو.

»
«

لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە. وەڵامم بدەوە ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە تاکو ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.» ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد. کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!» ئینجا ئەلیاس پێی گوتن: «پێغەمبەرەکانی بەعل بگرن و مەهێڵن پیاوێکیان لێ دەرباز بێت.» ئەوانیش گرتیانن، ئەلیاس بردنییە خوارەوە بۆ دۆڵی قیشۆن و لەوێ سەری بڕین.

»
«

ئەحاڤ کارێکی قێزەونی کرد کە وەکو ئەمۆرییەکان پەیڕەوی لە بتەکان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.)

»
«

کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟»

»
«

کۆڵەکەکانی پەرستگای بەعلیان هێنایە دەرەوە. دوای ئەوەی سووتاندیانن، تێکیان شکاندن و پەرستگای بەعلیان ڕووخاند و کردیانە زبڵدان، هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە.

»
«

لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد. ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.»

»
«

بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد. فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.» وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست. کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد. لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە،

»
«

لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان.

»
«

یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون. هەتا ئەمڕۆش لەسەر هەمان نەریتی پێشوویان دەڕۆن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل. کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن.

»
«

ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان.

»
«

«ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور ئەم نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە. خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون.

»
«

کوڕەکەشی وەک قوربانی سووتاند، بەختی خوێندەوە و فاڵی گرتەوە، نێوانگر و ڕۆح ئامادەکاری بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

»
«

«مەنەشەی پاشای یەهودا ئەم کردەوە قێزەونانەی کردووە، خراپتریشی کرد لە هەموو ئەوەی ئەمۆرییەکانی پێش خۆی کردیان، بەهۆی بتەکانییەوە یەهوداشی تووشی گوناه کرد. لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرموو: ”ئەوەتا من بەڵایەک بەسەر ئۆرشەلیم و یەهودا دەهێنم کە هەرکەس بیبیستێتەوە گوێی بزرنگێتەوە.

»
«

هەموو ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر کە باوکی پەیڕەوی کردبوون، ئەو بتانەی پەرست کە باوکی دەیپەرستن، کڕنۆشی بۆ بردن.

»
«

کاهینە بتپەرستەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون تاکو لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند. ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد. ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی. یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە بەردەم دەروازەی یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە بوو کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە.

»
«

هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە.

»
«

شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر کرد بۆ ڕێنمایی و

»
«

چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.

»
«

جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە و گوێرەکە دروستی کردن.

»
«

قوربانگا نامۆکان و نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند، ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە.

»
«

ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم.

»
«

قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند و گوتی: «لەبەر ئەوەی خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون. ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند. لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندەکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی پەست کرد.

»
«

لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست.

»
«

ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر و ڕۆح ئامادەکاری بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی. هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم.

»
«

ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون، دەردیان زۆر دەبێت. خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

»
«

بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند. خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.

»
«

چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.

»
«

ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن، ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن. ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.

»
«

بتەکانی ئەوانیان پەرست و بوو بە داو بۆیان. کوڕ و کچانی خۆیان بۆ بتەکان سەربڕی. خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت، خوێنی کوڕ و کچەکانیان، ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین، زەوی پیس بوو بە خوێن.

»
«

بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

»
«

بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، هەناسە لە دەمیان نییە. دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

»
«

وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا، لە بنەماڵەی یاقوب، پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە، پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.

»
«

خاکیان پڕبوو لە بت، کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد، کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.

»
«

لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئەو بتە زیو و زێڕانەی کە بۆ پەرستن دروستی کردوون، بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات.

»
«

کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.

»
«

چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان! تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن. سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.» بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.

»
«

میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت، ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم، داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن، لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.

»
«

پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»

»
«

چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

»
«

«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.

»
«

بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن، ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“ بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.

»
«

یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت.

»
«

«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: من سەرەتا و من کۆتاییم، لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.

»
«

شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن، شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن. شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن. کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟ ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن. وەستاکانی لە مرۆڤن، هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن، پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن. ئاسنگەر بە ئامێرەکانی پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە. بە چەکوش شێوەی دەکات، بە هێزی بازووی دروستی دەکات. برسی دەبێت هێزی نییە، ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو. دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا، نیشانی کرد بە نیشانکەر، بە ئەسکەنە دروستی دەکات. بە پرگال وێنەی دەکێشێت، جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات، وەک جوانی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت. دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە، یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد، بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات، یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد. جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن، لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە، دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت. بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات، دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.

»
«

پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی، ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات. نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت: «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.» نازانن و تێناگەن، چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و مێشکیان لە تێگەیشتن.

»
«

من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە، بێجگە لە من خودای دیکە نییە. هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە، بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،

»
«

«کۆببنەوە و وەرن، ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش. نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان، ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.

»
«

ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و زیویش بە تەرازوو دەکێشن، زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک، ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن. دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن، لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت، لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە. هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە، لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.

»
«

«جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و بە زۆری جادووگەریت، ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت، بەڵکو سوودی هەبێ بۆت، بۆ ئەوەی بیانترسێنیت! هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت! با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە، ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن، با ئەوانە ڕزگارت بکەن لەوەی بەسەرت دێت. ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت، ئاگر دەیانسووتێنێت. لە دەست بڵێسە فریای گیانی خۆیان ناکەون. ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە، ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە. ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و پێیانەوە ماندوو بوویت، بەو دەردە دەچن. هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت، کەس نییە ڕزگارت بکات.

»
«

«”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

منداڵان دار کۆدەکەنەوە، باوکان ئاگر دەکەنەوە و ژنان هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی ئاسمان دروست بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن.

»
«

بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.

»
«

نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات، بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن. وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»

»
«

«ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»

»
«

هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە. ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

»
«

ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت.

»
«

ئایا مرۆڤ خوداوەند بۆ خۆی دروستدەکات؟ بەڵێ، بەڵام خودا نین!»

»
«

لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»

»
«

شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»

»
«

ئێوەش گوێ مەگرن لە پێغەمبەر و فاڵگرەوە و خەونبین و بەخت خوێنەر و جادووگەرەکانتان، ئەوانەی پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن.“ ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەتان، جا دەرتاندەکەم و لەناودەچن.

»
«

بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد. هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەن‌هینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە.

»
«

«هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە. ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

»
«

بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟

»
«

«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم.

»
«

«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟ لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە. وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“

»
«

«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن. «”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە.

»
«

چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو.

»
«

دانیال وەڵامی دایەوە: «ئەو نهێنییەی پاشا داوای کردووە نە دانا و نە ئەفسونگەر و نە جادووگەر و نە فاڵگرەوە ناتوانن بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. بەڵام خودایەک لە ئاسمان هەیە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو بە نەبوخودنەسری پاشای ڕاگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا چی دەبێت. کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت بووی، ئەمە بوو ئەو خەون و بینینەی هاتە ناو مێشکت:

»
«

کاتێک جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوە هاتن، خەونەکەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام نەیانزانی لێکی بدەنەوە.

»
«

سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم.

»
«

«ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.

»
«

ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت. بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لە ناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت. ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم.

»
«

«ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات. قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.»

»
«

«دەستم بۆ سەر یەهودا و بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم. ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم، ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان، ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن، هەروەها سوێند بە مۆلەخیش دەخۆن،

»
«

بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە گەل وەک مەڕ پەرتەوازە بوون، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.

»
«

یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست. هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.

»
«

کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە.

»
«

عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.»

»
«

لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە.

»
«

«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە.

»
«

عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت.

»
«

بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات.

»
«

بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.»

»
«

پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەم پیاوە بە هێزی خودای گەورە ناودەبردرێت.» ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنیی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. شیمۆنیش باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، ئینجا دوای فیلیپۆس کەوت و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە گەورانەی کە دەیبینی.

»
«

بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون بە ناوی باریەشوع کە پێغەمبەرێکی درۆزن بوو. باریەشوع لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. سرگیۆس بەرناباس و شاولی بانگکرد، چونکە دەیویست گوێی لە پەیامی خودا بێت. بەڵام ئەلیماس کە جادووگەر واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات. کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕوانی و گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟ ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.» دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت. کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.

»
«

جا بەرناباسیان ناو نا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات. بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.

»
«

کاتێک بۆ شوێنی نوێژکردن دەچووین، تووشی کارەکەرێک بووین ڕۆحی فاڵچیێتی تێدابوو، بە کاری فاڵچیێتییەکەی قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەستدەهێنا. بەدوای پۆڵس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد: «ئەم مرۆڤانە بەندەی خودای هەرەبەرزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن.» چەندین ڕۆژ ئەمەی دەکرد، تاکو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە و بە ڕۆحەکەی گوت: «بە ناوی عیسای مەسیح فەرمانت پێدەدەم، لێی وەرە دەرەوە!» یەکسەر ڕۆحە پیسەکە لێی هاتە دەرەوە.

»
«

پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“‏ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“ «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن،

»
«

ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە.

»
«

هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل، شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.

»
«

ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.

»
«

جا سەبارەت بە خواردنی قوربانیی بتەکان، دەزانین کە بت لە جیهاندا هیچ نییە و تەنها یەک خودا هەیە. ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە،

»
«

بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن.

»
«

جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟ نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن. ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن. یاخود ئیرەیی خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟

»
«

دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران. بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.

»
«

چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی: ﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم، دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾

»
«

چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات.

»
«

پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ مزگێنییەکی دیکە وەردەگەڕێن! مزگێنییەکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی مزگێنیی مەسیح بگۆڕن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان مزگێنییەکمان پێدان، جگە لەو مزگێنییەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەتی لێ بێت. وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر کەسێک مزگێنییەکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کردووە، با نەفرەتی لێ بێت.

»
«

چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە،

»
«

ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون.

»
«

وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،

»
«

تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.

»
«

کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەوە دژە مەسیحە کە نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات. هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.

»
«

خۆشەویستان، بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن، بەڵکو ڕۆحەکان تاقی بکەنەوە، بزانن ئایا لە خوداوەیە؟ چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوەدا بنێت کە عیسای مەسیح لە جەستەدا هاتووە، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوەیە، بەڵام هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسادا نەنێت، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوە نییە. ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە کە بیستووتانە دێت و ئێستا وا لە جیهاندایە.

»
«

ئێمە لە خوداوەین و ئەوەی خودا بناسێت گوێمان لێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە خوداوە نەبێت گوێمان لێ ناگرێت. بەم شێوەیە ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چەواشە دەناسینەوە.

»
«

ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.

»
«

هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. هەرکەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن، چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.

»
«

پاشماوەی ئادەمیزاد کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.

»
«

ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.

»
«

کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»

»
«

هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی. ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە.

»
«

فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت، هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»

»
«

ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو، هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە. جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو: «بابلی گەورە، دایکی لەشفرۆشان و قێزەونانی زەوی.» هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.

»
«

هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.

»
«

بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net