02 – خودا

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: خودا.

سێ گرنگترین ئایەت

«

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»

»
«

«ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت.

»
«

بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 187 بڕگەکان

«

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.

»
«

کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە.

»
«

موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟» خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ” ’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“» هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“ «هەتاهەتایە ئەمە ناومە و ئەمەش دێتەوە یادتان، نەوە دوای نەوە.

»
«

«هێز و سروودم یەزدانە، بووە بە ڕزگاری بۆم. ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم، خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم. یەزدان پاڵەوانە، ناوی یەزدانە.

»
«

دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت. دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، دوژمن تێکدەشکێنێت.

»
«

ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»

»
«

کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە.

»
«

بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە،

»
«

خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات، کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت. ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟ یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟

»
«

چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بەتینە، خودایەکی ئیرەدارە.

»
«

ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە. لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو،

»
«

ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،

»
«

جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە، خودای وەفادارییە، ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر، بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن. بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات، ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.

»
«

چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت،

»
«

خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە، چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە، خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە، ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

»
«

خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە. دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و فەرمووی: ”لەناو ببە!“

»
«

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان، بێجگە لە تۆ کەس نییە، هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

»
«

«بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!

»
«

بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە. هەتا ئەم کاتە نەیدەویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە.

»
«

ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە.

»
«

ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری. دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن، تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدان تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.

»
«

گوتی: «ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت.

»
«

ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»

»
«

تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.

»
«

«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟

»
«

«زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛ ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.

»
«

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.

»
«

خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە، هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات. یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. هەموو ڕوویان وەرگێڕا، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.

»
«

جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە، ئەی ئەوەی بە دەستی ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.

»
«

زەبوورێکی داود. یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.

»
«

دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە.

»
«

یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت. لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.

»
«

خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.

»
«

خودا پاشای هەموو زەوییە، هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن. خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات، خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.

»
«

لە بەرچاوی خۆت دەرم مەکە، ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.

»
«

ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

»
«

هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. ئامین و ئامین.

»
«

ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.

»
«

ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟ کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟ ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون، دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و ناوت شکۆدار دەکەن، چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە، هەر تەنها تۆ خودایت.

»
«

بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی.

»
«

ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن، خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.

»
«

بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن، یان زەوی و جیهان دروستببن، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

»
«

چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی، تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری.

»
«

یەزدان پاشایەتی دەکات، با گەلان بلەرزن، لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، با زەوی بهەژێت.

»
«

یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

»
«

چونکە یەزدان چاکە و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە، دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

»
«

لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن. بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.

»
«

یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.

»
«

وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن. وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

»
«

بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە، بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن. یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.

»
«

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە. وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،

»
«

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

یەزدان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوەیە، شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.

»
«

خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات.

»
«

یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات، لە ئاسمان و لەسەر زەوی، لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.

»
«

هەلیلویا! ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

ستایشی گەورەی گەورەیان بکەن، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

ئەوەی بە تێگەیشتنەوە ئاسمانی دروستکردووە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

ستایشی خودای ئاسمان بکەن، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟ بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟ ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی، ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.

»
«

یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە، مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.

»
«

دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن، منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

»
«

یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.

»
«

یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون. یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.

»
«

دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە. دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،

»
«

ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات. پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە، تێگەیشتنی بێ سنوورە.

»
«

من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.

»
«

چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە، چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.

»
«

کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟ کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟ کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟ کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟ ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟ ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!

»
«

لە ڕووی سامی یەزدان و شکۆی مەزنییەکەی، بڕۆ ناو کەلەبەرد و لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!

»
«

ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

»
«

تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و دەبێ لەو بترسی، لەو بتۆقی.

»
«

چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بەتوانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.

»
«

ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی،

»
«

بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!

»
«

یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات.

»
«

هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی، لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن. جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن، چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟

»
«

ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.

»
«

ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.

»
«

«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.

»
«

یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت. منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.

»
«

«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: من سەرەتا و من کۆتاییم، لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.

»
«

«یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانم، دروستکەری هەموو، بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە، زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،

»
«

بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن بێجگە لە من خودای دیکە نییە. من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە. شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“

»
«

یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

»
«

ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش. با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن. لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە، لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟ ئایا منی یەزدان نەبوو؟ بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە، خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر بێجگە لە من نییە. «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.

»
«

سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە، بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە، خودام و هیچی دیکە نییە وەک من. لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە، لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە. فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت، هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“

»
«

چونکە مێردی تۆ دروستکەرەکەی تۆیە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە، پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.

»
«

«بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە، ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.

»
«

خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە، ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت: «لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم، هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام کە دڵشکێنراون و بێفیزن، بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.

»
«

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە. کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟

»
«

بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.

»
«

بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

»
«

«لەبەر ئەوە ئەوەتا پێیان دەناسێنم، ئەم جارە دەسەڵات و هێزی خۆمیان پێ دەناسێنم. ئینجا ئەوان دەزانن کە ناوم یەزدانە.

»
«

«یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و من نەیبینم؟ ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.

»
«

لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“ چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

«ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە. خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە،

»
«

«من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟

»
«

گوتی: «ستایش بۆ ناوی خودا لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، چونکە دانایی و توانا هی ئەوە. ئەو کات و ساتەکان دەگۆڕێت، پاشایان لادەدات و پاشایان دادەنێت، دانایی بە داناکان دەبەخشێت و زانایان فێری تێگەیشتن دەکات. ئەو قووڵایی و نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو دەزانێت چی لە تاریکیدا شاردراوەتەوە، ڕووناکی لەلای ئەو نیشتەجێیە.

»
«

بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و بە ڕاستودروستی و دادوەری، بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.

»
«

یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ناوبانگی یەزدانە!

»
«

شێوەداڕێژی چیاکان و بەدیهێنەری با، ئەوەی بیرکردنەوەی خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی، بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات، ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.

»
«

یەزدان خودایەکی ئیرەدار و تۆڵەسێنەرە، یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە. یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە. یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە، بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت. ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە، هەور تۆزی پێیەکانیەتی.

»
«

چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

»
«

یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»

»
«

بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە، نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە.

»
«

بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.

»
«

«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن: «”ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت،

»
«

مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە، [چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.]“

»
«

لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە.

»
«

عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»

»
«

﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»

»
«

«کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت. هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە.

»
«

عیسا لێیان نزیک بووەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن،

»
«

عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،

»
«

عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.»

»
«

عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد.

»
«

بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە.

»
«

لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو!

»
«

پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن: ”باوکە، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ،

»
«

لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.

»
«

لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،

»
«

باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی.

»
«

خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.»

»
«

عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.

»
«

منم نانی ژیان.

»
«

منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»

»
«

دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»

»
«

منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»

»
«

ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم.

»
«

عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.»

»
«

«منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت.

»
«

عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە.

»
«

عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»

»
«

بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە.

»
«

کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.

»
«

کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.

»
«

نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،

»
«

«بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی: «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟

»
«

«ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت.

»
«

لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.

»
«

بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.

»
«

چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

»
«

ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە. ﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟ یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾ ﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾ چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

»
«

تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.

»
«

چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە.

»
«

بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.

»
«

کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا، لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش. خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا، کە جەستەی مەسیحە، واتا پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.

»
«

بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە،

»
«

چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان هەیە بۆ چوونە لای باوک.

»
«

یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە.

»
«

ڕۆحی پیرۆزی خودا خەمبار مەکەن، ئەوەی بۆ ڕۆژی ڕزگاری پێی مۆرکران.

»
«

لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە، تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش، هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک.

»
«

کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، چونکە بەو هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی لە ڕێگەی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە. ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت،

»
«

خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێیە، ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.

»
«

با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.

»
«

تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

»
«

لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.

»
«

بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت: ﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.

»
«

بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

»
«

چونکە ﴿خودامان ئاگرێکی بەتینە.﴾

»
«

عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.

»
«

هەموو بەخشینێکی چاک و بەهرەیەکی تەواو لەلایەن سەرەوەیە، لەلای باوکی ڕووناکییەکانەوە دێتە خوارەوە، ئەوەی ناگۆڕێت و سێبەری خولانەوەی نییە.

»
«

تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.

»
«

ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.

»
«

ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»

»
«

ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکییەکی تێدا نییە.

»
«

ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە.

»
«

ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت.

»
«

ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن.

»
«

هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.

»
«

بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.

»
«

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»

»
«

هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت.

»
«

دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ. لە ناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو. شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن: «پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.» هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاسی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، کە هەتاهەتایە زیندووە، بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن: «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»

»
«

ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون.

»
«

هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت: «با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا، بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»

»
«

بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

»
«

پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات.

»
«

ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە: «پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»

»
«

پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بەتوانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون. شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی.

»
«

من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net