03 – مرۆڤ
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: مرۆڤ.
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: مرۆڤ.
تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە. ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
»جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن.
»زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
»ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.» خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.» ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.
»جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
»یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
»پیاوەکە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“ چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.» لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە. پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.
»بە ئارەقەی ناوچەوانت نان دەخۆیت، هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، کە لێیەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»
»ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە. ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».
»ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
»یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو.
»زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
»جا یەزدان کە بۆنەکەی بەلاوە خۆش بوو، لە دڵی خۆیدا فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم.
»چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات،
»«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە، دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
»بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای ڕوخسار و باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخسار دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»
»گوتی: «بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ. یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە، ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
»ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی، ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات، ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
»چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین، ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
»«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم، ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟ لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا، ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟ ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و وەک پەنیر منت نەمەیاند؟ بە پێست و گۆشت منت پۆشی و بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی. ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم، چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
»ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
»«مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە. وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت، وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
»جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
»ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
»«تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت، لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
»ئیتر چۆن مرۆڤ بێگەرد دەبێت کە مۆرانەیەکە، ئادەمیزاد کە کرمێکە!»
»هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت، هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت، لێوەکانم بە خراپە نادوێن و زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
»ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
»مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
»کەمێک لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری. دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو: هەموو مەڕ و مانگاکان، هەروەها ئاژەڵی کێوی، باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
»بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات. یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. هەموو ڕوویان وەرگێڕا، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.
»زەبوورێکی داود. زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین، چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
»یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت. لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات. ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
»«ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە، هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە، بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم. بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک، تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە. ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
»مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت، وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت، هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
»ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
»قوربانی بۆ خودا ڕۆحێکی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.
»بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات. خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. هەموو هەڵگەڕانەوە، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.
»بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
»لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟ ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
»ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە، یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت، ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە، چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
»ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین، بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.
»ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە. تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
»چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین. مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات، بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت.
»ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
»ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
»بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و منت ناسی. هەستان و دانیشتنی منت زانیوە، لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی. ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە، شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت. ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت، تۆ بە تەواوی دەیزانی.
»تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە. ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم. ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو، کاتێک لە پەنهانی دروستکرام، لەناو سکی زەوی نەخشێنرام. هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی. هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا، لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون، پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن. ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە! کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە! ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن. کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
»مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت، ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.
»نە پشت بە میرەکان ببەستن، نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە. کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.
»قێزی یەزدان لە دڵخراپانە، ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.
»دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە، بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات. هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.
»دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە، دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
»وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە، بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات. هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.
»ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
»بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە، کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.
»وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت، مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە. وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە، خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.
»ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان.
»هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە، یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت، کە هەمووان دروستدەکات.
»دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!» منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟» «هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری، بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
»خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی، ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت، هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی، ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن، ئەمە دەفەرموێت:
»«یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانم، دروستکەری هەموو، بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە، زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
»«منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم. تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت، یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟
»هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین، هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە، بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی خستە سەر ئەو.
»«بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە، ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
»هەموومان وەک کەسێکی گڵاومان لێ هات، هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو. هەموو وەک گەڵا سیس بووین، تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت. کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت، چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە. بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت، ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.
»«پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
»ئێوەش لە باوباپیرانتان زیاتر خراپەتان کرد، ئەوەتا هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی گوێڕایەڵی من بن.
»یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت، متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.
»دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و دەرمانی نییە، کێ دەیناسێت؟ «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم، دەروون تاقی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم، بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»
»چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
»دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ.
»یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە. دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
»کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و سەرلێشێواو بوون.
»ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
»مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا، شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا، شتی خراپ دەردەهێنێت.
»بەڵام ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێتە هۆی گڵاوبوونی مرۆڤ، چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.
»بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.»
»ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»
»چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
»بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾ ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
»عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
»مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
»تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
»لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون.
»بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.
»عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“
»لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،
»ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو.
»ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»
»بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“
»لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن،
»هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل، شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک. هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن.
»نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە: ﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾
»وەک نووسراوە: ﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش، کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت. هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾
»لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و
»لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.
»ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین. ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە. بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، جارێکی دیکە نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت. ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن. کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.
»لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر وەک چۆن لەپێشدا ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد، ئێستاش ئەندامەکانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن،
»چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی شەریعەتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی دەمانکرد دەبوونە هۆی مردن.
»چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتا لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە،
»ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریام دەکەوێت لەدەست ئەم جەستەیەم کە بۆ مردنە؟
»خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز. ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن. بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە.
»ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین،
»واتا ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن،
»بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
»بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و نایانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە.
»ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.
»یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە جەستەتان ڕێزی خودا بگرن.
»هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە.
»هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە.
»بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین. ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو.
»بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە،
»لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین، چونکە کە پۆشیمان ئیتر بە ڕووتی نابینرێین. لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت.
»خۆشەویستان، لەبەر ئەوەی ئەم بەڵێنانەمان هەیە، با خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە، لە ترسی خودا پیرۆزی تەواو بکەین.
»جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن.
»پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئینجا ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر ناکەن، چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت.
»بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە.
»ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
»ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین.
»کە مێشکیان تاریکە، لەبەر ئەو نەزانییەی تێیاندایە و لەبەر دڵڕەقییان لە ژیانی خودا دابڕاون.
»چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج.
»لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین.
»زۆرم پێ گوتن، ئێستاش بە گریانەوە دەڵێم، زۆر کەس بە شێوەیەک دەژین، دوژمنی خاچی مەسیحن، ئەوانە کۆتاییان لەناوچوونە، خودایان سکیانە و شانازی بە شەرمەزاربوونیانەوە دەکەن، بیر لە شتی دنیایی دەکەنەوە. بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.
»ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.
»لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری و سکیسی، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.
»خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن.
»لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.
»چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
»چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
»بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن و گوێڕایەڵ نین و بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
»بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە: ﴿مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟ بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت.
»بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون.
»چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.
»وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
»بەڵام هەرکەسێک بەو ئارەزووە خراپەی کە هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا. کە ئارەزووی خراپ سک بکات گوناهی لێ دەبێت، گوناهیش کە گەشەی کرد مردن بەرهەم دێنێت. خوشک و برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن.
»هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.
»وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.» ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت.
»چونکە نووسراوە: ﴿هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
»خۆشەویستان، ئێوە نامۆ و بێگانەن بەم جیهانە، هەر بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن.
»نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە. لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.
»تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە.
»هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
»ئەوەتا لەگەڵ هەوردا دێت و هەموو چاوێک دەیبینێت، ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە، هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن. بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.
»