06 – دۆزەخ
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: دۆزەخ.
ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: دۆزەخ.
دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا. مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە. هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.
»ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.
»کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
»یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە. ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»
»یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە.
»بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە، گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە، زەوی و خەرمانەکەی دەخوات، بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.
»هەور پەرت دەبێت و نامێنێت، بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.
»بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت، ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
»بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
»چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
»پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
»دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات، دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت. کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت، لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت، ئاگریش دەیانخوات.
»با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
»لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.
»ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن، هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
»چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من، گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.
»مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت، نەزانیش ئەمە تێناگات: هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
»هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ، لە دیلیێتی ئازار و ئاسن، چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون، سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
»یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
»بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن، میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.
»جیهانی مردووان و لەناوچوون لەبەردەم یەزدانن، لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!
»ڕێچکەی ژیان بۆ کەسی وریا بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی لە دابەزین بەرەو جیهانی مردووان بیپارێزێت.
»ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە، ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت. تۆ بە گۆچان لێی بدەیت، گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.
»جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن، هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
»هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە. خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات، بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە، جا چاک بێت یان خراپ.
»ڕووناکی ئیسرائیل دەبێت بە ئاگر و پیرۆزەکەشی بە گڕ، دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی لە یەک ڕۆژدا. چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات، گیان و لەش پێکەوە وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
»بە لەخواترسی شادمان دەبێت. بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات، بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات. بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات، بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
»واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت. لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن، هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە. ڕادەچڵەکێن، ئازار و ژان دەیانگرێت، وەک منداڵبوو دەتلێنەوە. پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی، ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە. ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت، سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە، بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە. ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی ڕووناکییان دەرناخەن، خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت، مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە. سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
»لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت، لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
»جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت بۆ پێشوازی لە هاتنت، ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت، هەموو سەرکردەکانی جیهان، لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت، هەموو پاشایانی نەتەوەکان. هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن: «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت، وەک ئێمەت لێ هات.» مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان بەدەم ئاوازی سازەکانت، لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و کرمیش دەبێتە لێفەت.
»چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان! تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن. سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.» بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
»ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە! تارمایین، هەڵناستنەوە، لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن، هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
»ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری. زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات، لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.
»شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە، دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. نەوە دوای نەوە کاول دەبێت، بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.
»جیهانی مردووان سوپاست ناکات و مردووانیش ستایشت ناکەن، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
»ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن، تاکو تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە، سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە. لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
»«دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»
»چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
»«لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە.
»لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو. «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت.
»زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی.
»یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش و ئەو ڕۆژەش کە دێت، ئەوان دەسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە.
»کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوقییەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
»ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
»شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
»«بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾ و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“ بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
»ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
»«لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.
»هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.
»«نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە. لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“ ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!“
»بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
»لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.
»مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا، شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا، شتی خراپ دەردەهێنێت. بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
»کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
»کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
»منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ پێی ناوێرێت.
»چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟ کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکیەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە.
»فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
»«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.
»ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
»«کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو. پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو. «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
»«ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟
»ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
»«لەکاتێکدا گێلەکان ڕۆیشتن بۆ زەیت کڕین، زاوا گەیشت، ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵی چوونە ژوورەوە بۆ زەماوەندەکە و دەرگا داخرا. «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“ «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“
»کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
»«کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت. هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ.
»«دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“ «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“ «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“ «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»
»بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.»
»چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟
»«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. «﴿لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.﴾
»ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.
»شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
»عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» گوتی: «لێگیۆن،» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو. لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن بڕۆن.
»چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟
»تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
»بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.
»پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.
»یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون: «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن. لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ «وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“ «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“ «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“ «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
»«پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد. هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو، پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە. «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا. لە جیهانی مردووان سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو. هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“ «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“ «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم، چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“ «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“ «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“ «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»
»لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت.
»ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.
»«لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
»ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت.
»چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
»پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو.
»لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون. لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو. هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل،
»بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆدەکەیتەوە. خودا ﴿پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.﴾ ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن.
»چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.
»کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت.
»خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾
»چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.﴾ کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
»چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، جا باش بێت یان خراپ. لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین.
»بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.
»سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی،
»وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
»ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.
»بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟ لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾ کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
»لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە، بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان،
»بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن. زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت. ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.
»خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن. هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست. کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران. کاتێک لوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو، چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا. ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن. چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان بکەن، هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن.
»ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
»بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.
»یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بۆ تۆبەکردن بێن.
»هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
»ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.
»لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و پەروەردگارمانە.
»هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
»ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
»هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
»منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.
»«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»
»کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی پێدرابوو. کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد.
»فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت، هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
»ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
»بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون. لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»
»هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون. تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»
»چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»
»کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾ گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت.
»فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورەی خودا، تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»
»دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەکانی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە نێو دەریاچەی ئاگرەوە، کە بە گۆگرد داگیرساوە. پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.
»فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو، زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو. ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد، مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە، هەزار ساڵ بەستییەوە. فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا، بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات، هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت.
»کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و دێتە دەرەوە تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات، گۆگ و ماگۆگ، تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە، ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە. بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا، واتا شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین. ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.
»پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران. دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا. مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە. هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.
»بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»
»ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت.
»من هەموو ئەوانە ئاگادار دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون. ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە.
»