23 – خۆشەویستی

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: خۆشەویستی.

سێ گرنگترین ئایەت

«

«بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت.

»
«

خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە. بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین. خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد. خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ.

»
«

«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 326 بڕگەکان

«

لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.

»
«

ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.

»
«

ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

»
«

چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

»
«

«ئەگەر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنەکەت بووی کە بەڕەڵا بووبێت، بۆی بگەڕێنەرەوە. ئەگەر گوێدرێژی ناحەزەکەتت بینی لەژێر بارەکەیدا کەوتووە، بەجێی مەهێڵە، بەڵکو پەلە بکە بۆ یارمەتیدانی.

»
«

ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە.

»
«

«”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت. «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.

»
«

وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

»
«

«”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت. نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت، نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە.

»
«

(موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)

»
«

جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.

»
«

جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە، خودای وەفادارییە، ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر، بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن. بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات، ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.

»
«

دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ. جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون.

»
«

یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و داواکاری و فەرز و یاسا و فەرمانەکانی هەمیشە بەجێبهێنن.

»
«

جا ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بوون کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بیپەرستن،

»
«

ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا.

»
«

بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن. لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»

»
«

بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت، هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.

»
«

یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.

»
«

هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»

»
«

بەڵام زۆر ئاگاداربن بۆ کارکردن بەو ڕاسپاردە و فێرکردنەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دەستی پێوە بگرن، پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بیپەرستن.»

»
«

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن، با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت، چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە، ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

»
«

ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست. شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشیویست. ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.

»
«

کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا. جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.

»
«

«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.

»
«

ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت، چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن. ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە، بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە، لە پێناوی چاکی خۆت.

»
«

ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری، ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.

»
«

هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.

»
«

ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.

»
«

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان. ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە. ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت. ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.

»
«

ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە، با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت،

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە، یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات. یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە، لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی. یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع جووتبوو. ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە، بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.

»
«

ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

»
«

ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.

»
«

بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی.

»
«

ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات، دەمکوتی دەکەم، لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز بەرگە ناگرم.

»
«

یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە. تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە. بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە. وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن. وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

»
«

بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،

»
«

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

»
«

چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە، دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە! هەلیلویا!

»
«

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە، کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

»
«

ستایشی خودای ئاسمان بکەن، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ. یەزدان بۆ هەمووان چاکە، بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

»
«

یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.

»
«

با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.

»
«

لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە، لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت. ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان، جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟ با تەنها بۆ تۆ بێت، بێگانەت لەگەڵدا نەبێت. با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت، بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە. ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ، با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن، بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت. کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟ بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟

»
«

شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە، حەوتیش قێزەونە لەلای: چاوی بەفیز، زمانی درۆزن، دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت، دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت، پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات، شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.

»
«

ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت، من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە، لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.

»
«

من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.

»
«

ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.

»
«

کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت، بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.

»
«

مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات، بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.

»
«

هەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆی زیاد دەکرێت، هەیە لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام نەدار دەبێت. چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت، ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.

»
«

ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.

»
«

ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات، بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.

»
«

ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.

»
«

وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە، بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.

»
«

یەزدان ماڵی لووتبەرزان ڕیشەکێش دەکات، بەڵام سنووری ماڵی بێوەژن دەچەسپێنێ.

»
«

یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە، بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت. بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت بۆ تاوان دەکرێت، بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.

»
«

لەپێش شکان لووتبەرزییە، لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە. باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت، لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.

»
«

قسەی جوان شانەی هەنگوینە، بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.

»
«

ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات، بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

»
«

برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت، براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.

»
«

مردن و ژیان بە دەست زمانە، ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.

»
«

پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات، بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.

»
«

ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات، ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

»
«

ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە، هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

»
«

کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە. چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی، ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.

»
«

ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات، ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

»
«

ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت، ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.

»
«

ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت، خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت. لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت، بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.

»
«

ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت، چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.

»
«

گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات، دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت. ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت، پاشا دەبێتە دۆستی.

»
«

ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت، یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.

»
«

ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت، بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.

»
«

کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت، کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.

»
«

لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە، بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.

»
«

«سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من، چوارەمیش تێناگەم: ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان، ڕێگای مار لەسەر بەرد، ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.

»
«

بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران. دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.

»
«

لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

»
«

گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان. با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات، چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە. بۆنی عەترەکەت خۆشە؛ ناوت عەتری پرژاوە، مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ. پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین! با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی. دەستەخوشکەکان شاد و دڵخۆش دەبین پێت، لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە. ئەویندار بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.

»
«

یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی، گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە. خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو. هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە. دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات. دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی. ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن. ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە.

»
«

من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم. وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان. وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە. با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە. بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت. ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات. دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات.

»
«

دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە. تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما. گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت. هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.» ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان، لە پەناگای بنارەکان، با ڕوخسارت ببینم، با دەنگت ببیستم، چونکە دەنگت ناسکە و ڕوخسارت شیرینە! ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن، ئەو توولە ڕێوییانەی ڕەزەکانمان تێکدەدەن، چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە. دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت. بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە، وەک ئاسک بە، یان کارمامز لەسەر چیا فرە لووتکەکان.

»
«

ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت، وەک ستوونی دووکەڵ، بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە، بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟

»
«

ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە. قژت وەک مێگەلە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە. ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن، کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین. لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە، دەمت شیرینە، گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە. گەردنت وەک قوللەی داودە بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە، هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە، هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە. جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن، کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن. بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، دەچمە چیای موڕ و گردی بخوور. ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە، هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.

»
«

ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە، بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم، بە موورووێکی ملوانکەکەت. ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم، ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە، بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک. لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ، شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە! بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە. باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم، سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە! نەمامەکانت باخی هەنارن لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە، خەنە و ناردین، ناردین و کارکۆم، قامیشی بۆنخۆش و دارچین، لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک، موڕ و ئەلوا لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان. تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت، بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی، لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ. هەستە، ئەی بای باکوور، وەرە، ئەی بای باشوور! بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن، با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی، با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.

»
«

هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ، موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە، شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد، شەراب و شیری خۆمم خواردەوە. هاوڕێیەکان ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛ یاران، بە ئەوین مەست بن. من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە! دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات: «دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم، ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم، سەرم پڕ ئاونگ بووە، ئەگریجەم پڕ شەونم.» جلەکانم داکەندووە، ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟ پێیەکانم شوشتووە، ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟ دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد، هەناوم بۆی ڕاچەنی.

»
«

ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون، ئەمەی پێ بڵێن، من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، کە ئاوا سوێندت داین؟

»
«

دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە، لەناو دە هەزار کەسدا دیارە. سەری زێڕی بێگەردە، زولفی بەرداوەتەوە، ڕەشە وەک قەلەڕەش. چاوەکانی وەک کۆترن چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک، کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر، لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون. گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن، بۆنیان خۆشە. لێوەکانی سەوسەنن، موڕی شلیان لێ دەتکێت. دەستەکانی لوولەی زێڕن، بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە، لەشی عاجی تاشراوە بە بەردی یاقووتی شین پێچراوەتەوە. قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن، لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون. ڕوخساری وەک لوبنانە، هەڵبژاردە وەک ئورز. دەمی شیرینە، سەراپای خۆشەویستە. ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە، ئەی کچانی ئۆرشەلیم!

»
«

من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

»
«

چاوەکانت لەسەر من لابدە، چونکە بەرگەی ناگرم. قژت وەک ڕانە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.

»
«

ئەی کچە میر، پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن! کەوانی ڕانت وەک خشڵە دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە. ناوکت جامێکی خڕە شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات، ناوقەدت خەرمانی گەنمە بە سەوسەن پەرژین کراوە. جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن. گەردنت قوللەیەکی عاجە. چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم. لووتت وەک قوللەی لوبنانە ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت. سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و پرچی سەرت ئەرخەوانییە، پاشا بەندی ئەگریجەکانە. چەند جوان و چەند شیرینیت، ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم! ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت، مەمکەکانت لە هێشوو. گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم، خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.» با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن، بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت، دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت. ئەویندار با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت، بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.

»
«

من بۆ دڵدارەکەمم و ئەو پەرۆشی منە. دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە، لە گوندەکان شەو بەسەرببەین. با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان، ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، پەسیرەکان کراونەتەوە، هەناریش پشکوتووە؟ لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم. گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە، لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە، کۆن و نوێ کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.

»
«

دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.

»
«

ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟ ئەویندار لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای، لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو، لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.

»
«

بمکە مۆر لەسەر دڵت، مۆر لەسەر بازووت، چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە، ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە، خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە، وەک ئاگرێکی بەهێزە. ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە، ڕووبارەکان نوقومی ناکەن. ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت، بە بێبەها دادەنرێت.

»
«

چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت. یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک، لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە نزم دەبنەوە،

»
«

بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.

»
«

پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن، ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە. ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە گاڵتەپێکردن و تفلێکردن.

»
«

ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە، پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی. وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە، ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی. بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت، ئازارەکانی ئێمەی برد، ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە، لێی دراوە و زەلیلە. بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو، لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا. ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت، بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە. هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین، هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە، بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی خستە سەر ئەو. زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد، بەڵام دەمی نەکردەوە. ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە.

»
«

ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە، کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟

»
«

هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و پێداویستی زەلیل دابین بکەیت، ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.

»
«

باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.

»
«

لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.

»
«

بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت. ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.

»
«

نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا: «ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن،

»
«

بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و بە ڕاستودروستی و دادوەری، بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم. بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و دان بە یەزداندا دەنێیت.

»
«

ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.

»
«

ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن، ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن. داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن، بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.

»
«

یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»

»
«

«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن. بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“

»
«

«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.

»
«

بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە، لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.

»
«

«بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾ بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە، ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ. ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.

»
«

«بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾ ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.

»
«

«هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن، ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت. «لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.

»
«

ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.

»
«

«کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.

»
«

«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە. «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا کاریتەیەک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.

»
«

چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.

»
«

«وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

»
«

فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە. بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.

»
«

«ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

»
«

«ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە.

»
«

ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟» عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!

»
«

ڕێزی دایک و باوکت بگرە،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾»

»
«

عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت، بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»

»
«

«بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»

»
«

بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، وەک چۆن کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»

»
«

عیسا پێی فەرموو: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾ ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. دووەمیشیان وەک ئەو وایە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾

»
«

ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.

»
«

«ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“ «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“ «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“

»
«

«دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“ «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“ «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“

»
«

ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.

»
«

کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»

»
«

عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»

»
«

بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان، چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»

»
«

کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. [بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.]»

»
«

جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾ لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.» مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.»

»
«

کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.

»
«

وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»

»
«

«بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.

»
«

«ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە.

»
«

بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە. «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت. ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»

»
«

لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا، لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.

»
«

«کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا. هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟» شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.» ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە. تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە. تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد. لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»

»
«

وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾»

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. هەروەها کابرایەکی لێڤیش بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. بەڵام سامیرەییەکی ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“ «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟» تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.» عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»

»
«

«کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت. ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت. بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت. بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

»
«

ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە. بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە. خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»

»
«

جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. «هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد. «کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“ «بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی. گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین، چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.

»
«

«خزمەتکار نییە بتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»

»
«

ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»

»
«

«پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

»
«

بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»

»
«

ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. هەموو ئەوانە لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

»
«

بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت. کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.

»
«

ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

»
«

عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

»
«

لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.

»
«

پێویستە ئەو زیاد بکات و منیش کەم.»

»
«

لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە.

»
«

جا عیسا گریا. لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»

»
«

مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.

»
«

پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن.

»
«

پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە.

»
«

جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.

»
«

یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە،

»
«

«من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»

»
«

«ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن.

»
«

ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.

»
«

«هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن.

»
«

بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.

»
«

چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم.

»
«

من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە.

»
«

ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»

»
«

دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.» دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.» پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.» سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «گەورەم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.» عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە.

»
«

باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد،

»
«

کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.

»
«

کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست.

»
«

ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو: ﴿ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە. لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا. ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟ چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.﴾

»
«

هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»

»
«

هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە. کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین. ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین! لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین!

»
«

کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾ بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین،

»
«

چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

»
«

بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە.

»
«

با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن. بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن. سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن. لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن.

»
«

ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن. لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن. سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا مەزانن. خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت. بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین.

»
«

خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ بەڵام: ﴿ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت.﴾ با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.

»
«

بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، شەریعەتی تەوراتی هێناوەتە دی. ڕاسپاردەکانی وەک ﴿داوێنپیسی مەکەن﴾، ﴿مەکوژن﴾، ﴿دزی مەکەن﴾، ﴿چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت﴾ و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾ خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدیی شەریعەتە.

»
«

ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان.

»
«

ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.﴾ کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.

»
«

لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خوشک یان برا دانەنرێت. بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە تەنها لە لای ئەو کەسە گڵاوە. ئەگەر بەهۆی خۆراکەوە خوشک یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. بەهۆی خۆراکەوە ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناویدا مردووە.

»
«

کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات.

»
«

بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین. با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان. تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.﴾ چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت. با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح، تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە. بۆیە هەر وەک چۆن مەسیح پێشوازی لێکردین، ئێوەش بۆ شکۆمەندیی خودا، پێشوازی لە یەکتری بکەن.

»
«

بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.

»
«

ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە. ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن.

»
«

بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾

»
«

لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟

»
«

سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: «باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت.» بەڵام لەبەر زۆریی داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت. مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد. ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی. خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە.

»
«

هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم.

»
«

کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن.

»
«

بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ. هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.

»
«

تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.

»
«

ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ. ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم. ئەگەر هەموو سامانم بدەمە هەژاران و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت. خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە. بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات. بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت. خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت. خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت،

»
«

ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.

»
«

بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.

»
«

هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.

»
«

خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.

»
«

بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

»
«

ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون. شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن. زیاتریان کرد لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد لێیان، چونکە سەرەتا خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد، ئینجا بە خواستی خودا خۆیان پێشکەشی ئێمە کرد.

»
«

بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستیتان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەی بەخشینیشدا زیاد بکەن. ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە. نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاریی ئەو دەوڵەمەند بن.

»
«

چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.

»
«

بۆیە بەڵگەی خۆشەویستی خۆتان و هۆی شانازیمان بە ئێوە بۆ ئەوان دەربخەن بۆ ئەوەی لەبەردەم کڵێساکاندا دەربکەوێت.

»
«

با هەریەکە ئەوەندەی لەسەر دڵیەتی بیدات، نەک بە دڵتەنگی و ناچاری، چونکە ئەوەی بە دڵخۆشییەوە ببەخشێت خودا خۆشی دەوێت.

»
«

من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و

»
«

بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

»
«

لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.

»
«

با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.

»
«

جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن.

»
«

بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.

»
«

ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن، چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾ ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.

»
«

ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.

»
«

بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت.

»
«

خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە، نەوەک تۆش تاقی بکرێیتەوە. باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.

»
«

ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، بەڵام لەڕاستیدا هیچ نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە،

»
«

کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. ئینجا هەتا دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.

»
«

وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ کەموکوڕی بین.

»
«

لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا، بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم.

»
«

بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە.

»
«

ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین و بە یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.

»
«

تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت، تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە، تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.

»
«

منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن. تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی.

»
«

دز ئیتر با دزی نەکات، بەڵکو با ڕەنج بدات و بە دەستی خۆی ئیشێکی پاک بکات، تاکو هەیبێت بداتە ئەوەی پێویستی پێیەتی. وشەی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو هەرچییەکی باشە بۆ بنیادنان، بەگوێرەی پێویستی، تاکو نیعمەت بداتە گوێگران. ڕۆحی پیرۆزی خودا خەمبار مەکەن، ئەوەی بۆ ڕۆژی ڕزگاری پێی مۆرکران. هەموو تاڵی و تووڕەیی و توندی و هاوارکردن و بوختان و هەموو دڵڕەشییەک فڕێبدەن. لەگەڵ یەکتری نەرمونیان و بە بەزەیی بن، لە یەکتری خۆشبن، هەروەک چۆن خودا بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح لێتان خۆشبوو.

»
«

کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە، لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.

»
«

بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.

»
«

ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،

»
«

بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ. کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات، چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.

»
«

﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم. ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.

»
«

ئەی منداڵان، ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە. ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾ ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن. ئەی کۆیلەکان، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، وەک بۆ مەسیح بێت،

»
«

لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران. نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی پەروەردگاری ئێمەیان خۆشدەوێت.

»
«

خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح. لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات، تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن،

»
«

ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن، ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن. هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن. تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات.

»
«

وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە: ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە، نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە، بەڵکو خۆی کردە هیچ، شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات، کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و هەتا مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ.

»
«

بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن. خۆشەویستانم، بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.

»
«

کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە.

»
«

ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە.

»
«

تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتا مەسیح،

»
«

بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری و سکیسی، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

»
«

بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن. بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە. با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن. با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن. هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.

»
«

ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە. ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن. ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە. ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.

»
«

ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە، چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن. هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی،

»
«

بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. با قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.

»
«

هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.

»
«

دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ. لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایانتان لە تەواوی مەکدۆنیا خۆشدەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.

»
«

لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن. ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن، لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین. ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن، ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە، یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن. ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.

»
«

خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەمووان بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن. ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن.

»
«

با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.

»
«

ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە بریتییە لە خۆشەویستی لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی.

»
«

سەرڕێژ بووم لە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت.

»
«

با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا.

»
«

بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

»
«

بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ.

»
«

سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم. کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی.

»
«

چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین. بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت.

»
«

بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، توانای فێرکردنی هەبێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانەدا دان بەخۆیدا بگرێت. ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ

»
«

چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.

»
«

بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن،

»
«

بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت. پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن. هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن، تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت، ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت. بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن. لە هەموو شتێکدا بۆیان ببە بە نموونەی چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.

»
«

یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن، قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن. پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەسبازی و چێژ وەرگرتنێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو. بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت، نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین،

»
«

هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە.

»
«

ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە. بۆیە هەرچەندە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا مافی ئەوەم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم،

»
«

خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن.

»
«

چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾

»
«

هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.

»
«

چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾ کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟

»
«

بەردەوام بن لەسەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتر وەک خوشک و برا. میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن.

»
«

هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

»
«

با برای پایەنزم شانازی بە بەرزییەکەیەوە بکات،

»
«

خوشک و برا خۆشەویستەکانم، ئەمەتان بیر نەچێت: با هەر مرۆڤێک لە گوێگرتندا خێرا بێت، لە قسەکردندا لەسەرخۆ بێت، لە تووڕەبووندا خاو بێت، چونکە تووڕەیی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا ناهێنێتە کایەوە. کەواتە هەموو گڵاوی و گەشەکردنێکی بەدکاری دابکەنن، ئەو وشەیەی کە لە ئێوەدا چانراوە بە دڵنەرمییەوە وەریبگرن، ئەوەی دەتوانێت گیانتان ڕزگار بکات.

»
«

ئەوەی خۆی بە دیندار دابنێت و زمانی خۆی نەپارێزێت، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت و دیندارییەکەی پووچە.

»
«

ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟ خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن، کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟

»
«

ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ چاک دەکەن. بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن،

»
«

چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.

»
«

ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟ بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە.

»
«

بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام شانازی بە لەخۆباییبوونەوە دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ. زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.

»
«

کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی نیشانی بدات، هەروەها بەو کارانەی کە بە بێفیزییەوە ئەنجامی دەدات و لە داناییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن.

»
«

چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە. بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر و دووڕوو نییە. ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.

»
«

هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوانتان چییە؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکانتانەوە نییە کە لە ئەندامەکانی لەشتاندا دەجەنگن. ئارەزوو دەکەن و نیتانە، هەر بۆیە دەکوژن. ئیرەیی دەبەن و ناتوانن دەستتان بکەوێت، هەر بۆیە ناکۆکی دەکەن و شەڕ دەکەن. نیتانە، چونکە لە خودا داوا ناکەن. کاتێک داوا دەکەن وەریناگرن، چونکە بە پاڵنەری خراپ داوا دەکەن، تاکو ئارەزووەکانتانی پێ تێر بکەن.

»
«

بەڵام نیعمەتی زیاتر دەدات، بۆیە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێت: ﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾ بۆیە ملکەچی خودا بن. بەرهەڵستی شەیتان بکەن، لێتان هەڵدێت. لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان. خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خەفەت. لەبەردەم پەروەردگاردا بێفیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە. خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی خوشک یان براکەی بکات یاخود حوکمیان بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە.

»
«

بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.

»
«

ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە. خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد.

»
«

بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.

»
«

بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ.

»
«

بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن،

»
«

ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن. ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش،

»
«

بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن. ﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾ ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە.

»
«

لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و یەکتریتان خۆشبوێت، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت،

»
«

لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بەهێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت. بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا.

»
«

ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان بەرامبەر بە یەکتر بێفیز بن، چونکە: ﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾ بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.

»
«

بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.

»
«

هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی،

»
«

بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین:

»
«

ئەوەی دەڵێت: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی دەبێتەوە، ئەوا هەتا ئێستا لە تاریکیدایە. هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات. بەڵام ئەوەی ڕقی لە خوشک یان برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.

»
«

نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە.

»
«

تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە.

»
«

چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.

»
«

دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی. بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین. ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟ ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با تەنها بە وشە و زمان خۆشەویستی دەرنەبڕین، بەڵکو بە کردار و ڕاستی.

»
«

ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین.

»
«

خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە. بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین. خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد. خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ. هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.

»
«

ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت. بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین. خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە. خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین. ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە. لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.

»
«

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین،

»
«

با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.

»
«

ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ. خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.

»
«

خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن لە کاتێکدا چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەبن کە ژیانی هەتاهەتاییتان بۆ بهێنێت. بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.

»
«

هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە و سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە. ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و

»
«

«بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی جارانت بەلاوە ناوە.

»
«

«ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەم جارت زیاترن.

»
«

«ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە.

»
«

ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

»
«

شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت.

»
«

ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.» دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net