27 – ئازار

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: ئازار.

سێ گرنگترین ئایەت

«

ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەت لە خودا بکە و بمرە!» ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟» لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.

»
«

لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت، چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.

»
«

بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 544 بڕگەکان

«

بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»

»
«

بە ئافرەتەکەشی فەرموو: «ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم، بە ژانەوە منداڵت دەبێت. ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.» ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“ «ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە. بە ڕەنجکێشانیش هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت. دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت. بە ئارەقەی ناوچەوانت نان دەخۆیت، هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، کە لێیەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»

»
«

یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی. ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان. ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە بە دەست میسرییەکان دەیچێژن.

»
«

یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»

»
«

فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»

»
«

ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم.

»
«

یەزدانی پەروەردگارتان دەپەرستن، ئەویش نان و ئاوتان بەرەکەتدار دەکات. دەرد لەنێوتان ناهێڵم.

»
«

«”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت.

»
«

«”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت.

»
«

ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن، ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن. من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن.

»
«

کاتێک تەنگانەتان هاتە سەر و لە ڕۆژانی دواتر کە هەموو ئەو شتانەتان بەسەرهات، ئەوا بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی ئەو دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی بە بەزەییە، بەجێتان ناهێڵێت و لەناوتان نابات و پەیمانی باوباپیرانتان لەبیر ناکات کە سوێندی بۆیان خوارد.

»
«

یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان، بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان،

»
«

جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا، جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن. فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن،

»
«

دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ.

»
«

بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم: بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم؛ نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە.

»
«

کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان.

»
«

ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن و بە وریاییەوە کار بە هەموو ئەو فەرمانانەی بکەن کە من ئەمڕۆ پێتان دەدەم، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی سەر زەویتان دادەنێت.

»
«

«من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین، هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»

»
«

بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.»

»
«

یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.»

»
«

«ئێستا ببینن، من، من ئەوم، هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم. من دەمرێنم و دەژیێنم، بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە، کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.

»
«

ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»

»
«

ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازابن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.»

»
«

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە، دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە. یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات، نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە. ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە، کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە، هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان. «لەبەر ئەوەی کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن، جیهانی لەسەر داناوە.

»
«

داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوور کەوتەوە.

»
«

لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.» حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا. بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان. پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“»

»
«

شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن. پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن. باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی.

»
«

ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت، بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە، من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە. ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا.

»
«

ئەو تەنها هێز و بازووی مرۆڤی لەگەڵدایە، بەڵام ئێمە یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵدایە هەتا یارمەتیمان بدات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» بەم قسەیە حەزقیای پاشای یەهودا گەلەکەی هاندا.

»
«

نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان، سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!» هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!» هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!» هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە، لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!» جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد،

»
«

گوتی: «بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ. یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە، ستایش بۆ ناوی یەزدان.»

»
«

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات. بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.» یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.» ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری. ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.

»
«

ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەت لە خودا بکە و بمرە!» ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟» لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.

»
«

سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە. کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد. لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.

»
«

«سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە، لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە. لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات، وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.

»
«

هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن، بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە، کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە. «هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟

»
«

«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.

»
«

گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی، پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.

»
«

کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و لێوەکانت پڕ لە هوتاف،

»
«

«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە، بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم، بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.

»
«

چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە. ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت. دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت. خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.

»
«

بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.

»
«

ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.

»
«

«وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.

»
«

تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»

»
«

ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.

»
«

بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە. پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.

»
«

«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت، کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە. شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات، ئازارەکانم پشوو نادەن.

»
«

هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت، ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن. ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛ لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد. بووم بە برای چەقەڵەکان و هاوڕێی کوندەپەپووەکان. پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم، لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.

»
«

«یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە، ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و نەوسیشی لە خواردنی خۆش. گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت، ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن. گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە، ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.

»
«

«ئەگەر بە خودا بگوترێت: ”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم، ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە، ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“

»
«

دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد. ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.

»
«

پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن: «با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.» ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.

»
«

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت، شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە. پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە. ڕادەکشێم و دەخەوم، بەئاگادێمەوە، چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات. لە دەیان هەزار کەس ناترسم، ئەوانەی دەوریان گرتووم.

»
«

ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم، چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.

»
«

ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم، ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات. گیانم زۆر دەلەرزێت، هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە،

»
«

یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا. ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.

»
«

ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە،

»
«

بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.

»
«

هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟ هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟ ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە، چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،

»
«

هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە، لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم. بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە، تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە، چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت. ڕێگای ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە، خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.

»
«

وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە، لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە، لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر، لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی: ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی. یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە. لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی.

»
«

لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات، ڕووی لێ وەرناگێڕێت، بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

»
«

زەبوورێکی داود. یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت. لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار، گیانم دەبووژێنێتەوە. بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات لە پێناوی ناوی خۆی. ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم، لە هیچ خراپەیەک ناترسم، لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای، گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن. سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم، زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم، جامەکەم لێوانلێو دەکەیت. بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون، بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.

»
«

ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە تەنها و کڵۆڵم. دڵتەنگیم زیاد بووە، لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە. تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.

»
«

زەبوورێکی داود. یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟ کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون. ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم. داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

»
«

تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن، یەزدان دەمگرێتە خۆی.

»
«

یەزدان هێز و قەڵغانی منە، دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت، دڵم شاد دەبێت و بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.

»
«

ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا، تۆش چاکت کردمەوە. ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە، منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ. ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن، چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە، بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە. ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

»
«

«مەرگی من سوودی چی تێدایە، ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟ ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟ ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟ ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە! ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!» تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی، جلوبەرگی گوشت لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم، بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت. ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

»
«

گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم. لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.

»
«

ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان. ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە. بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە. لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.

»
«

ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.

»
«

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ. لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.

»
«

بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە، بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.

»
«

فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن، دەربازیان دەکات.

»
«

چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە. ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە، تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە. سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت، لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات. یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە. پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت، بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات، هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت، هیچیان ناشکێنرێت.

»
«

بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە، وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.

»
«

ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن. بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن، چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.

»
«

بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت. بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە. بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

»
«

بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.

»
«

بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە، بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە. تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون، وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم. برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە، بەهۆی گێلایەتی خۆم. پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم. کەلەکەم پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر، تەندروستی لە لەشمدا نەماوە. بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم، لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم. ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە، ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە. دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە، تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.

»
«

بەڵای خۆت لەسەر من لابدە، بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام. مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت، وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت، هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە. «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە هاوارم بگرە، لە ئاست گریانم گوێت دامەخە، چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم، میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.

»
«

لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە، لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام. پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد. گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم، سروودێکی ستایش بۆ خودامان. زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و پشت بە یەزدان دەبەستن.

»
«

ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە، با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت،

»
«

یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە. گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»

»
«

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە. گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە.

»
«

ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا، خودای خۆشی و دڵشادیم، خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم. ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت. خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت. بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،

»
«

«هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە.

»
«

هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە، هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

»
«

لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە، دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»

»
«

با گوێم لە شادی و خۆشی بێت، با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.

»
«

قوربانی بۆ خودا ڕۆحێکی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.

»
«

ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، پێی پێدەکەنن و دەڵێن: «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو، بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!»

»
«

گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.

»
«

خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.

»
«

کاتێک ترسم لێ دەنیشێت، من پشت بە تۆ دەبەستم. بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم، مرۆڤ چیم لێ دەکات؟ بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن، هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن. گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن، چاویان لە هەنگاوەکانمە، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.

»
«

خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی، فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە، ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟

»
«

بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم. مرۆڤ چیم لێ دەکات؟ ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم، قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم. بێگومان تۆ لە مردن فریای گیانم دەکەویت، تۆ پێیەکانی من لە خلیسکان دەپارێزیت، تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە. لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ، من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ، هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.

»
«

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت. ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

»
«

بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت. ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە. ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت، گوێ لە نوێژەکەم بگرە. لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم، کە دڵم لاواز دەبێت، پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر، چونکە تۆ پەناگای منی، قوللەیەکی بەهێزی لە ڕووی دوژمن. با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود. گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت، ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت. تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.

»
«

ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە، چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت. تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، نالەقێم. ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە، تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە. هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن، دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن، چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.

»
«

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو. ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو. لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە. لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن. بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە. گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات. لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە، چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم. گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

»
«

باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی. خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.

»
«

خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن. خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، کردارەکانت زۆر مەزنن. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟ تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە. مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت. ئەی خودای من، لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم. لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.

»
«

لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت. بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت. بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم. جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

»
«

بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن، دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.

»
«

گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە. لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو. تەنانەت پاساریش ماڵی دەست دەکەوێت و پەڕەسێلکەش هێلانە، بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت، لە نزیک قوربانگای تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام. خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن، هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.

»
«

لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم، چونکە بە هاوارمەوە دێیت.

»
«

چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من، گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

»
«

لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟ ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟

»
«

نوێژێکی موسای پیاوی خودا. ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە تۆ پەناگامان بوویت.

»
«

ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە، بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی، خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.» بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات، لە دەرد و بەڵای کوشندە. بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت، لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە. نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت، نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت، نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت. هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە، دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت، بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.

»
«

ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات، هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت، هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت. پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت، بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت. یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم، دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت. نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە، لە تەنگانە لەگەڵیدام، دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم. بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم، ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

»
«

کە خەم لە ناخم زۆر بوو، دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

»
«

بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا، خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.

»
«

زەبوورێکی ستایش. ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن، بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن، بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی. بزانن کە یەزدان خودایە، ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین، ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین. بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی، بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی، سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن، چونکە یەزدان چاکە و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە، دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

»
«

نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان. ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، با هاوارم بگاتە لات. لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە، زوو وەڵامم بدەوە. ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە، ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە. هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە، نانخواردنم لەبیر نەماوە. لە دەنگی ناڵەم ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.

»
«

ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە. تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.

»
«

گۆرانییەکی داود. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە: ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە، ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،

»
«

چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین. مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات، بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت. بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،

»
«

زۆر جار دەربازی کردن، بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون، داڕووخان بە گوناهەکانیان. بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە، کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو. لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد، بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە. وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن، سکیان پێیان بسووتێت.

»
«

برسی و تینوو بوون، گیانیان داهێزرا. ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.

»
«

چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە. هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ، لە دیلیێتی ئازار و ئاسن، چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون، سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد. لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە، کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات. ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن. لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان، کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.

»
«

هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن. قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە، لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە. ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن. فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە، لە فەوتان دەربازی کردن.

»
«

ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند. تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان، تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان.

»
«

یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەلا سەنگینە.

»
«

لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد، بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم. یەزدان لەلای منە، ناترسم، مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟

»
«

پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە مرۆڤ. پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە میران.

»
«

من نامرم، بەڵکو دەژیم و باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.

»
«

یەزدان بە توندی تەمبێی کردم، بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.

»
«

گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

»
«

گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.

»
«

لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.

»
«

بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.

»
«

چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.

»
«

ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم. با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت. با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.

»
«

ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە.

»
«

ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

»
«

تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.

»
«

یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە، دروستکەری ئاسمان و زەوی.

»
«

یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت، گیانت دەپارێزێت. یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات، لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.

»
«

ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن، بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن. ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و تۆو بۆ چاندن بار دەکات، بە هەلهەلەوە دێتەوە و بەرهەمەکەی بە مەڵۆ بار دەکات.

»
«

چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات، هیوام بە بەڵێنەکانییەتی. گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات، زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان، زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.

»
«

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە، ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین. زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە، ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.

»
«

دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران، ماف دەدات بە نەداران.

»
«

هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ. پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە. سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم، لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم. لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم، تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی. لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم، خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە. ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە، کوا ناسیاوی من؟ پەناگا بۆ من قڕبووە، کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟ ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، گوتم: «تۆ پەناگای منی، لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.» بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە، چونکە زۆر زەلیلم، لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە، چونکە لە من بەهێزترن. گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم. ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن، چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.

»
«

دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە، گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە. ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە، ڕۆحم لەناودەچێت، ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.

»
«

یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە. ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن، گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات. یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات. دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ، با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

»
«

دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات، یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت. یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

»
«

دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و برینیان ساڕێژ دەکات.

»
«

پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت.

»
«

نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە، بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

»
«

دڵی شادمان ڕوو خۆشدەکات، بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.

»
«

دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.

»
«

ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە، کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.

»
«

ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟

»
«

مردن و ژیان بە دەست زمانە، ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.

»
«

ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، بێ هێزیت! ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.

»
«

ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە. با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد. بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران.

»
«

هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە، هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە: لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی، چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی، کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی، ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی، گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی، شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،

»
«

ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون. چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە. وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە. دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.

»
«

لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە، بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

»
«

بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟ بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟ تەواوی سەر نەخۆشە و هەموو دڵ بیمارە. لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر کوا تەندروستی تێیدا؟ بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە، لێدانی تەڕ و تازە کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و بە ڕۆن نەرم نەکراوە.

»
«

هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.

»
«

یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.

»
«

لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار، ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون، سەرسام بووم لە گوێگرتن، واقم وڕما لە بینین.

»
«

زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، جیهان داهێزرا و سیس بوو، گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا. زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو، چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد، فەرزەکانیان پێشێل کرد و پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند. لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و دانیشتووانەکەی سزادران. لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و خەڵکێکی کەم مایەوە.

»
«

بوویت بە پەناگای هەژار، پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە، چەتر لە لێزمەی باران و سێبەر لە گەرما، چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،

»
«

مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.

»
«

تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت، چونکە پشتی بە تۆ بەستووە. هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن، چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ، چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.

»
«

بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.»

»
«

دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن. بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.» ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە. ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان.

»
«

لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن. شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن، ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

»
«

دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن، خوداتان دەفەرموێت، بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن، پێی ڕابگەیەنن کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە، کە تاوانەکەی بەخشراوە، چونکە بە دەستی یەزدان لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.

»
«

وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت: بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و بە باوەش هەڵیاندەگرێت، بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.

»
«

ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات. توانا بە ماندوو دەدات و بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات. گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن، لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون، بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن، هێزیان نوێ دەبێتەوە، وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن، ڕادەکەن و شەکەت نابن، دەڕۆن و ماندوو نابن.

»
«

مەترسە، چونکە لەگەڵتدام، مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم. بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم، بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.

»
«

«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.

»
«

ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت. کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت،

»
«

شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“

»
«

هەتا پیریش بن هەر من ئەوم، هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم. من دروستم کردوون و ئێوە باری منن، هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.

»
«

ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو، لەناو کوورەی ئازارچێژتن تاقیم کردنەوە.

»
«

نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.

»
«

ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.

»
«

ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.

»
«

بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات، دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات. چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان. شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە، سوپاس و دەنگی مۆسیقا.

»
«

جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن. «منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم. تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت، یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟

»
«

کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟ بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد، وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد. نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی تاوەکو سەرنجمان بۆی بچێت، نە دیمەن تاوەکو ئارەزووی بکەین. ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە، پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی. وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە، ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی. بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت، ئازارەکانی ئێمەی برد، ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە، لێی دراوە و زەلیلە. بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو، لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا. ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت، بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە. هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین، هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە، بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی خستە سەر ئەو. زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد، بەڵام دەمی نەکردەوە. ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە. بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا. بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟ چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا، لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا. گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا، دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا، هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو. بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانیی تاوان، نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت، خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت. لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت، ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت، بەندە ڕاستودروستەکەم بە ئەزموونی خۆی زۆر کەس بێتاوان دەکات و ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت. لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم، لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات، چونکە ژیانی خۆی بەخت کرد و لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا، لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و داکۆکی لە یاخیبووان کرد.

»
«

«مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت. گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت. ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت، ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە،

»
«

بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت دوور لە جەوروستەم، چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت، هەروەها دووریت لە تۆقینیش، چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.

»
«

هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە. ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە، بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.

»
«

ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر دێتە ناو ئاشتییەوە، لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.

»
«

خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە، ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت: «لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم، هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام کە دڵشکێنراون و بێفیزن، بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.

»
«

ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە، ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە، وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت. ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک، چاکیشی دەکەمەوە،» یەزدان دەفەرموێت.

»
«

ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟ مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات، وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو، یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟ «ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت: کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە، چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و هەموو نیرێک بشکێنن؟ ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە، کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟

»
«

ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە، تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات، ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە. ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە، هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام. «ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت، هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و پێداویستی زەلیل دابین بکەیت، ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت. یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و جەستەت بەهێز دەکات. وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت، کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.

»
«

ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات، چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران. منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان، بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و ئازادکردنی کۆیلەکان، بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان و ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان، بۆ دڵنەواییکردنی هەموو ماتەمدارەکان. ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم، تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ، زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە، هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان. جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی، نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.

»
«

لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن.

»
«

«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە. بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن لەوەی من بەدی دەهێنم، چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن. بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و بە گەلی خۆم شاد دەبم، چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

»
«

وەک کەسێک دایکی دڵنەوایی بکات، منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم، بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»

»
«

«بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و متمانەی پێی هەیە. وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو، لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت، لە گەرما ناترسێت، گەڵاکانی سەوزن، گوێ بە وشکەساڵی نادات، لە بەروبووم دان ناوەستێت.»

»
«

ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە، ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم، چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.

»
«

خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن.

»
«

بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە، برینەکانت چاک دەکەمەوە، چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە، سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

»
«

ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.» لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.

»
«

«”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم.

»
«

دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم، وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون. بە باشی بەبیرم دێتەوە، لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.

»
«

بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت. ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە. بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە، لەبەر ئەوە هیوام بەوە.» یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە، بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات. باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

»
«

لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات، بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی. ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و دڵتەنگی ناکات.

»
«

ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!» ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد، ژیانی منت کڕییەوە.

»
«

پێستمان وەک تەنوور سووتاوە، لەبەر برسیێتی برژاوین.

»
«

لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن. من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.

»
«

ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن.

»
«

خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.» پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.

»
«

ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات، نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات لە ئاسمان و لەسەر زەوی. ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان ڕزگار کرد.

»
«

«وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان، چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات. ئەو برینداری کردووین و هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات. دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە، لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.

»
«

«لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم، لە مردن دەیانکڕمەوە. ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟ ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟ «میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،

»
«

«قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان. ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

»
«

گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو.

»
«

یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»

»
«

بەڵام ئێوە کە لە ناوەکەم دەترسن، خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن.

»
«

کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێت‌لەحم و دەوروبەری کوشت. ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی: ﴿دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.﴾

»
«

ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە. لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە.

»
«

«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن.

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.

»
«

بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،

»
«

«بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە جلوبەرگ؟ سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ «هەروەها بۆچی خەمی جلوبەرگتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! جا خەم مەخۆن بڵێن، ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی لەبەر بکەین؟“ چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەم شتانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.

»
«

«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

»
«

ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە.

»
«

کاتێک عیسا چووە ناو کەفەرناحوم، سەرپەلێک هاتە لای، لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.» عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.» سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا کەسم نەدیوە باوەڕێکی بەهێزی ئاوای هەبێت. پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.

»
«

عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی لەناو جێگادا کەوتووە، تای هەیە. عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.

»
«

کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ: ﴿ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و نەخۆشییەکانمانی برد.﴾

»
«

لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو. ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند و گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!» ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.

»
«

کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەری دەریاچەکە، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووش بوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێشوەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟» لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان. ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.» ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش لە دوو کەسەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان.

»
«

کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.» جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!» عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ.

»
«

جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.

»
«

هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.

»
«

کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە.

»
«

کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.» کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.» ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.»

»
«

کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو. کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.»

»
«

عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند و هەموو نەخۆشی و نەساغییەکی چاک دەکردەوە.

»
«

ئینجا عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو، چاکی بکەنەوە.

»
«

نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.

»
«

لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت. ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.

»
«

ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.

»
«

کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.

»
«

«وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

»
«

لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوەی نەخۆش دروستە؟» پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، نایگرێت و دەریناهێنێت؟ مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.» ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە.

»
«

عیساش کە بەمەی زانی لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە.

»
«

ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، نابینا و لاڵ بوو، ئەویش چاکیکردەوە بە جۆرێک کە توانی قسە بکات و ببینێت.

»
«

ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.

»
«

کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.

»
«

خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

»
«

ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بەهۆی ڕۆحی پیسەوە ئازارێکی زۆری هەیە.» بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.» وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.» بەڵام ژنەکە هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!» وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.» ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.» ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.

»
«

ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل بە ڕێکی دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.

»
«

کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.» جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام.» عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.

»
«

ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و هیچ شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. [

»
«

ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

»
«

بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

»
«

ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.» جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.» عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن.

»
«

نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.

»
«

عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»

»
«

«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

»
«

چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە.

»
«

ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“

»
«

پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت.

»
«

پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.» کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»

»
«

ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

»
«

کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

»
«

نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت.

»
«

لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!» عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.

»
«

خەسووی شیمۆن لەناو جێگادا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.

»
«

ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.

»
«

ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لە کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد. پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو، لێی پاڕایەوە و چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.

»
«

لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو. کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.» هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟» دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»

»
«

کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

»
«

دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، ئیتر هەندێک لەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەبەردەم هەمووان ڕابوەستە.» ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون. بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە.

»
«

لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!»

»
«

دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس.

»
«

ئەوانەی دیکە کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن، چونکە ڕەگیان نییە. دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.

»
«

ئینجا ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد، شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا، کە خەریک بوو پڕبێت لە ئاو. عیسا لە دواوە سەری خستبووە سەر سەرینێک و خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر لەناوبچین؟» ئەویش هەستا و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی و بە دەریاچەکەی فەرموو: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو. ئینجا پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ هێشتا باوەڕتان نییە؟»

»
«

کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!» ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.» زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە. لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.

»
«

ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو. بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.

»
«

کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.» نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت. کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.

»
«

ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە.

»
«

ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.

»
«

بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

»
«

لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات. ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.» بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.» پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.» کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکەی لێ دەرچووبوو.

»
«

کەڕێکی لاڵەپەتەیان بۆ هێنا و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت. عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی دا بە دەستی خۆی و پاشان دەستی لە زمانی دا. چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتا بکرێوە. دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد. ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپاردن ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»

»
«

کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟» پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.» دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.

»
«

یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.» ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات. عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» گوتی: «لە منداڵییەوە. زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر یان ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.» عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.» یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!» عیسا کە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!» ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.

»
«

ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. «﴿لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.﴾

»
«

ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا. عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.» عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت.

»
«

«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە. «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

»
«

بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.

»
«

ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.» کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»

»
«

پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

»
«

لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت. کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو،

»
«

لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت.

»
«

ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن، بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»

»
«

«﴿ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات، چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران، منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ بەدیلگیراوان، هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران، بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و

»
«

لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.» عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند. خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.»

»
«

عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات. ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.

»
«

کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە.

»
«

کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.

»
«

لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی عیسا زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە.

»
«

ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانایەکی خودایی هەبوو بۆ چاککردنەوە. چەند پیاوێک هاتن کابرایەکی ئیفلیجیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا. کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.» مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟» بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد.

»
«

عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»

»
«

لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا. عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟» چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە.

»
«

ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە.

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.

»
«

سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.» عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.» ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.

»
«

کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو. کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.» ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!» مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی.

»
«

لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە‏ کوێرەکان بەخشی. ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.

»
«

چەند ئافرەتێکیش کە لە ڕۆحی پیس و نەخۆشی چاکببوونەوە: مریەم کە بە مەجدەلی ناودەبردرا و حەوت ڕۆحی پیسی لێ دەرکردبوو،

»
«

کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە. جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!» ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە. ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟» ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.»

»
«

ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە. کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووش بوو کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵدا نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان دەژیا. کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!» چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد. عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» گوتی: «لێگیۆن،» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو. لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن بڕۆن. لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.

»
«

ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە. جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا.

»
«

هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.» کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە. بەڵام عیسا دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!» ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ.

»
«

کاتێک عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان، ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە.

»
«

جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاک دەکردەوە.

»
«

بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.

»
«

لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە. ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات. لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.» کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی.

»
«

ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“

»
«

ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت.

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. هەروەها کابرایەکی لێڤیش بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. بەڵام سامیرەییەکی ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد.

»
«

عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون.

»
«

ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت. تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.

»
«

بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ. سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟ «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟ جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ.

»
«

ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

»
«

ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە. عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.» ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد.

»
«

ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟»

»
«

ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، ”ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش هەموو شتێک تەواو دەکەم.“

»
«

پیاوێکیش کە نەخۆشی ئاوبەندی هەبوو لە بەرامبەری بوو. عیسا لە تەوراتناس و فەریسییەکانی پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوە دروستە یان نا؟» ئەوان بێدەنگ بوون. ئەویش کابرای گرت و چاکیکردەوە و بەڕێی کرد.

»
«

بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە.

»
«

«پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد. هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو، پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە. «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا. لە جیهانی مردووان سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو. هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“ «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“ «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم، چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“ «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“ «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“ «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»

»
«

کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!» جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە. یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد،

»
«

ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە.

»
«

کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد. کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە. پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.» جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.» عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.

»
«

چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»

»
«

هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن.

»
«

«بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت.

»
«

ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە.

»
«

«شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.» ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

»
«

کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.

»
«

کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

»
«

پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»

»
«

عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.

»
«

لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،

»
«

عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.» کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە. جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.» باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا.

»
«

لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، [چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.] کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟» نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.» عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت. ئەو ڕۆژەش شەممە بوو،

»
«

دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.»

»
«

ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد.

»
«

عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم.

»
«

دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»

»
«

کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو. قوتابییەکانی لێیان پرسی و گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت. هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات. ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.» ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە و چاوی پیاوەکەی پێ سواخ دا. پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتا نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.

»
«

هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە.

»
«

دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو. «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت.

»
«

ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت.

»
«

عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»

»
«

کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.» عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.» جا عیسا گریا. لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»

»
«

عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.» مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.» عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟» ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.» کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»

»
«

«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم.

»
«

هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.

»
«

«ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.

»
«

ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. باوکم شکۆدار دەبێت ئەگەر ئێوە بەرهەمی زۆر بگرن؛ بەوە دەردەکەوێ کە ئێوە قوتابی منن.

»
«

ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت.

»
«

ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان کامڵ و تەواو بێت.

»
«

«ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»

»
«

ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.

»
«

ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. لەخاچدان سەربازەکانیش عیسایان برد. عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا». لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.

»
«

کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.

»
«

هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾

»
«

جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.﴾

»
«

بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت، تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت، چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت. ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾

»
«

پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.

»
«

لە ئەنجامدا، وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.

»
«

بەڵام سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی. نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە. بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە و گوتی: «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.»

»
«

ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت.

»
«

بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان. ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنیی پەیامی خودایان بڵاودەکردەوە.

»
«

خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.

»
«

چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.

»
«

کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل. بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد. شەوی پێش ئەو ڕۆژەی کە هێرۆدس بەتەمابوو پەترۆس بهێنێتە دەرەوە و دادگایی بکات، پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، کە پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد. لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە و گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن. فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.» پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندیخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە. پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.

»
«

ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»

»
«

ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن. جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات.

»
«

ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە. لە نیوەی شەودا پۆڵس و سیلا نوێژیان دەکرد و گۆرانی ڕۆحییان بۆ خودا دەگوت، بەندکراوانی دیکەش گوێیان لێبوو. لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، بناغەی بەندیخانەکەی هەژاند، دەستبەجێ هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان بووەوە. کە چاودێرەکە خەبەری بووەوە و بینی دەرگاکانی بەندیخانە کراونەتەوە، شمشێری هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان ڕایانکردووە. بەڵام پۆڵس هاواری کرد: «هیچ لە خۆت مەکە، هەموومان لێرەین!» ئەویش داوای ڕووناکی کرد، چووە ژوورەوە و دەلەرزی، لەبەردەم پۆڵس و سیلا چۆکی دادا. ئەوسا بردنییە دەرەوە و گوتی: «گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟»

»
«

خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا، تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون.

»
«

لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد.

»
«

«ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا.

»
«

هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»

»
«

بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»

»
«

وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس لەناو جێگادا کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە. کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە.

»
«

تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.

»
«

بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین. ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین! لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین! نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.

»
«

لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.

»
«

ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین. ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.

»
«

بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، جارێکی دیکە نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت. ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن. کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.

»
«

ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە. بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونەتە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە،

»
«

چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.

»
«

ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریام دەکەوێت لەدەست ئەم جەستەیەم کە بۆ مردنە؟

»
«

کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز. ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

»
«

بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

»
«

بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.

»
«

پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا. دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان، چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.

»
«

بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

»
«

ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

»
«

ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستەڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات.

»
«

کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾

»
«

بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین، چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

»
«

مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم،

»
«

هەروەک نووسراوە: ﴿ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾

»
«

هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾ جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾

»
«

بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە.

»
«

لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن. ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن. لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن.

»
«

لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین. هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.

»
«

با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.

»
«

بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم.

»
«

بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.

»
«

تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.

»
«

چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە. هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا،

»
«

هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە.

»
«

دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە.

»
«

چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾ ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾

»
«

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک، ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین. ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، کە لە دانبەخۆداگرتنی ئێوەدا بەرگەگرتنی بەرهەم هێناوە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.

»
«

خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین. بێگومان هەستمان دەکرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵکو بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە. ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات،

»
«

بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت، چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.

»
«

بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین،

»
«

بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە جەستەدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین.

»
«

خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە. لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین.

»
«

کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە!

»
«

بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی،

»
«

وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

»
«

ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین. متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.

»
«

ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەکەوە هەراسان کراوین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس. بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین،

»
«

چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن. کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا.

»
«

ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون.

»
«

خوداش دەتوانێت هەموو نیعمەتێکتان بەسەردا بڕژێنێت، تاوەکو ئێوە هەمیشە هەموو ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانە، بۆ ئەوەی لە هەموو کارێکی باشدا سەرڕێژ بن. وەک نووسراوە: ﴿بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.﴾ جا ئەو خودایەی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراک دابین دەکات، تۆوتان بۆ دابین دەکات و چەند هێندەی دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیتان زیاد دەکات. لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبن تاکو هەموو کاتێک دڵفراوان بن، دڵفراوانییەکەتان لە ڕێگەی ئێمەوە سوپاسی خودای لێدەکەوێتەوە.

»
«

ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم، سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەربرد. بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن، بە ڕەنجدان و ماندووبوون، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینووێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی. ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت. کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟ ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن.

»
«

شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت،

»
«

بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

»
«

جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.

»
«

بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی،

»
«

باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.

»
«

خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بەهۆی ‏یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ‏ئاسمان دایناین،

»
«

بەهۆی ئەمەوە، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…

»
«

منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن.

»
«

چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن.

»
«

بە هەموو جۆرە نوێژ و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن. بۆ ئەمەش ئێشک بگرن و بە بەردەوامی بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا بپاڕێنەوە. نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ و ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم. من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.

»
«

چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەوە زۆر باشترە،

»
«

چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو،

»
«

بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین.

»
«

ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی،

»
«

بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.

»
«

هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن. دیسان دەیڵێمەوە، دڵشاد بن! با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە. نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت. ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.

»
«

دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم. دەتوانم هەموو ئەم شتانە لە ڕێگەی مەسیحەوە بکەم، ئەوەی بەهێزم دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم.

»
«

خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی.

»
«

با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەشی بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە،

»
«

ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

»
«

با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن.

»
«

بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنیی خودامان بۆ کردن.

»
«

تاکو لەم ناخۆشییانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا. لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.

»
«

خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان بێ ئاگا بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین،

»
«

هەمیشە دڵشاد بن، بەردەوام نوێژ بکەن، لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.

»
«

خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن. ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر.

»
«

بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن. ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە، هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت.

»
«

با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.

»
«

با مەسیحی پەروەردگاری ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.

»
«

ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە.

»
«

لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین.

»
«

چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.

»
«

بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت. خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە.

»
«

کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی. ئەم قسەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین، ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.

»
«

بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم. هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،

»
«

بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.

»
«

سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.

»
«

لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. خودایە، لەسەریان هەژمارد مەکە. بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت و هەموو گەلان بیبیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.

»
«

بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە.

»
«

لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و

»
«

بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم،

»
«

بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون.

»
«

لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.

»
«

بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی لەدەست بچێت. هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی: ﴿بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾ هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: ﴿ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.﴾ دیسان لەو دەقەدا دەفەرموێت: ﴿نایەنە ناو حەسانەوەی من.﴾ ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.﴾ لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە،

»
«

چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.

»
«

عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا. هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و

»
«

ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە. کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت، ﴿ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت. ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت، هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە، ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.﴾

»
«

بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات.

»
«

هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن.

»
«

بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت. بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە.

»
«

چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون. هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.

»
«

کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە. با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.

»
«

لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە. ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت: ﴿ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾ کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.

»
«

کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، ﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾ تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.

»
«

یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن.

»
«

با ژیانتان بێ خۆشویستنی پارە بێت و ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی: ﴿هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم.﴾ کەواتە بە متمانەوە دەڵێین: ﴿یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم. مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾

»
«

لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.

»
«

لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانیی ئێمەیە بۆ خودا. هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

»
«

خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە نێو جۆرەها تاقیکردنەوە و ناخۆشییەوە، چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. با دانبەخۆداگرتن کاری خۆی تەواو بکات، بۆ ئەوەی تەواو و پێگەیشتوو بن و کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت.

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت.

»
«

خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

»
«

کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن. ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.

»
«

ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەوە ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترە، هەرچەندە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، کاتێک عیسای مەسیح ئاشکرا دەکرێت ستایش و شکۆ و ڕێزی بەدواوە دەبێت.

»
«

چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن. ﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾ ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.

»
«

بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾

»
«

چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری. لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،

»
«

وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناهکردن دەوەستێ،

»
«

خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، بەڵکو دڵخۆش بن وەکو ئەوەی کە بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کردبێت، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان. با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ، بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە،

»
«

بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.

»
«

وەک پیرێکی هاوڕێتان، داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ:

»
«

بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات. چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. بەربەرەکانێی بکەن، لە باوەڕەکە بچەسپێن، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن. خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن.

»
«

هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی.

»
«

ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە،

»
«

بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بۆ تۆبەکردن بێن.

»
«

ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە.

»
«

ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت. بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین. خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.

»
«

چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت. ئەو سەرکەوتنەش کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

»
«

ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی ئەو داوای هەر شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. ئەگەر بزانین هەرچییەک داوا بکەین گوێمان لێ دەگرێت، ئەوا دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.

»
«

ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە.

»
«

منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»

»
«

بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە: ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، لە مەنی شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»

»
«

«ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ، ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾ هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

ئەوەی سەربکەوێت، دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.» پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

»
«

ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان، بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.

»
«

ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن. گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!» ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»

»
«

تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

»
«

چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد.

»
«

ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.» دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net