32 – شەهیدبوون

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: شەهیدبوون.

سێ گرنگترین ئایەت

«

ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»

»
«

لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وا دەزانێت خزمەتی خودا دەکات. ئەمانەش دەکەن، چونکە نە باوکیان ناسیوە و نە من. بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.

»
«

کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون. بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟» جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 322 بڕگەکان

«

دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون، بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد. یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.» جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی. یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟» جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات.

»
«

لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.» بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.» ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن، ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟» ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە. ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.» ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن.

»
«

دەبێت ئاژەڵێکی نێرینەی ساغی یەک ساڵە بۆ خۆتان دانێن و لە بەرخ یان گیسک هەڵیاندەبژێرن.

»
«

مەکوژن.

»
«

ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»

»
«

ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.» بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن. ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت، نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت، منداڵ و شیرەخۆرە، گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.

»
«

کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕ دەکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری بردبوو و لە دوو ئەشکەوتدا شاردبوونییەوە، هەر پەنجا لە ئەشکەوتێکدا و نان و ئاوی بۆ دابین کردبوون.)

»
«

ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»

»
«

پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

»
«

ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“» بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد.

»
«

«بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و پشتیان لە فێرکردنەکانی تۆ کرد. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، چەندین کفری گەورەیان کرد.

»
«

جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، گوتی: «بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ. یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە، ستایش بۆ ناوی یەزدان.»

»
«

ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.

»
«

بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە. پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم. ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!

»
«

بەڵام ڕێگام دەزانێت، دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم. پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون، ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.

»
«

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟ پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن: «با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.» ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.

»
«

بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن، با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن. دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە، هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.

»
«

هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە، لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم. بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە، تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە، چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت. ڕێگای ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە، خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.

»
«

بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم، کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

»
«

گیانم دەبووژێنێتەوە. بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات لە پێناوی ناوی خۆی. ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم، لە هیچ خراپەیەک ناترسم، لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای، گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.

»
«

زەبوورێکی داود. یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟ کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون. ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم. داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

»
«

ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

»
«

خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت. بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە. بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

»
«

لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت. خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت. بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،

»
«

هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە، هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

»
«

خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.

»
«

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت. ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت. خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.

»
«

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە، چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم. گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت. بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.

»
«

بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن. گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن.

»
«

لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت. بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت. بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم. جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

»
«

خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن چۆن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی بکەن، ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن. بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن، بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،

»
«

ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،

»
«

ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

»
«

یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات، کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم. ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند. تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان، تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان.

»
«

یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەلا سەنگینە.

»
«

با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن، با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.

»
«

پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.

»
«

ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.

»
«

مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.

»
«

مردووەکانت زیندوو دەبنەوە، لاشەکان هەڵدەستنەوە. هەستن و گۆرانی بڵێن ئەی دانیشتووانی خۆڵ، چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە، زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.

»
«

ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

»
«

ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.

»
«

پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن، ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە. ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە گاڵتەپێکردن و تفلێکردن. لەبەر ئەوەی یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات، ڕیسوا نابم، لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد، دەزانم شەرمەزار نابم.

»
«

جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

»
«

ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە، پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی. وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە، ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی. بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت، ئازارەکانی ئێمەی برد، ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە، لێی دراوە و زەلیلە. بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو، لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا. ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت، بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە. هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین، هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە، بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی خستە سەر ئەو. زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد، بەڵام دەمی نەکردەوە. ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە. بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا. بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟ چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا، لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا. گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا، دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا، هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو. بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانیی تاوان، نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت، خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت. لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت، ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت، بەندە ڕاستودروستەکەم بە ئەزموونی خۆی زۆر کەس بێتاوان دەکات و ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت. لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم، لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات، چونکە ژیانی خۆی بەخت کرد و لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا، لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و داکۆکی لە یاخیبووان کرد.

»
«

ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.

»
«

ڕاستودروستان لەناودەچن، کەسیش لە دڵی خۆیدا بیر لەمە ناکاتەوە. خودا خۆشەویستانی بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام کەس تێناگات کە ڕاستودروست بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لە خراپە ڕزگاریان بکات. ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر دێتە ناو ئاشتییەوە، لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.

»
«

ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم، تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ، زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە، هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان. جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی، نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.

»
«

بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان، گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت، چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم، کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا، وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.

»
«

لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن.

»
«

بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.» نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»

»
«

شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە. ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساویشەوە، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، ئەو لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات. ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.»

»
«

ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بردە ناو کوورەکە. ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.

»
«

لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.» ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.» نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!» ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە. ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن.

»
«

کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد. ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە. دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟» پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچەڵ نابێتەوە.» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.» کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات. بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»

»
«

ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.» بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات. ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا. بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان. کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟» دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.» پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.

»
«

لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو.

»
«

«لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکەکە نووسرابێت، دەرباز دەبێت. زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.

»
«

یەزدان چاکە، لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە. بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،

»
«

بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم، بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.

»
«

بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،

»
«

«لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن و دز دەیبڕێت و دەیدزێت. بەڵکو سامان بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن و دزیش نایبڕێت و نایدزێت،

»
«

لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن، لە پێناوی مندا دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان، وەک شایەتی بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن لەوەی کە چی بڵێن و چۆن بیڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، لەبەر ئەوەی ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.

»
«

«برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ.

»
«

لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.

»
«

ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.

»
«

«وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

»
«

بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.

»
«

ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.

»
«

«شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت.

»
«

بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا. لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد. ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ. کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ. ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی. قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا.

»
«

لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.

»
«

ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.

»
«

ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»

»
«

«ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»

»
«

«گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن. «ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد. دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد. لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“ ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.

»
«

لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، هەندێکی دیکەیان لە کەنیشتەکانتان بەر قامچی دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. لەبەر ئەوە خوێنی هەموو پیاوچاکان کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان.

»
«

«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە.

»
«

بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

»
«

چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە.

»
«

پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن.

»
«

پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت.

»
«

کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن.

»
«

ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و

»
«

کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن. جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.

»
«

ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

»
«

تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.

»
«

کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

»
«

ئەوانەی دیکە کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن، چونکە ڕەگیان نییە. دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.

»
«

هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.» بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!» هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت. لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد. کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابووەوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.» ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.» دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.» پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. پاشا یەکسەر جەلادی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری پەڕاند، لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. قوتابییەکانی یەحیا بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.

»
«

ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە.

»
«

ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.

»
«

چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»

»
«

فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»

»
«

عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت. «تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.

»
«

«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە. «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

»
«

جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن،

»
«

بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.

»
«

کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت.

»
«

خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.

»
«

هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

»
«

کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.

»
«

لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت. کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو،

»
«

عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.

»
«

ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.

»
«

«بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن.

»
«

بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە.

»
«

هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.» هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.» هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.

»
«

هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»

»
«

ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت، چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.

»
«

«قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت.

»
«

«دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.

»
«

«مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات،

»
«

«ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من. ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

»
«

بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

»
«

ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە.

»
«

دەدرێتە دەستی ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت، بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»

»
«

ئینجا دەستی کرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد. لە‏ وەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە. سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد. «خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“ «بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟

»
«

بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن.

»
«

«بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە.

»
«

بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە.

»
«

کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.

»
«

ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە.

»
«

ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

»
«

ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد. چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟»

»
«

بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت.

»
«

کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

»
«

پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»

»
«

عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.

»
«

چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا.

»
«

«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە،

»
«

«لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.

»
«

بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»

»
«

ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»

»
«

ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»

»
«

«منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت.

»
«

هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەر بەم پشتیرە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»

»
«

عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»

»
«

ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.

»
«

ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن،

»
«

ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»

»
«

دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.»

»
«

کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.

»
«

«ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە.“ ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستبێت، هی ئێوەش دەپارێزن. بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن.

»
«

لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وا دەزانێت خزمەتی خودا دەکات. ئەمانەش دەکەن، چونکە نە باوکیان ناسیوە و نە من. بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.

»
«

ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ.

»
«

«ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»

»
«

من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم.

»
«

ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی. سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد. لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.

»
«

کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.»

»
«

عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»

»
«

ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.» ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. لەخاچدان سەربازەکانیش عیسایان برد. عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا». لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.

»
«

کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.

»
«

ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بەهۆیەوە خودا شکۆدار دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»

»
«

عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.» ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟»

»
«

ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.

»
«

نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە.

»
«

کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن.

»
«

وتەکانی قایلی کردن، بۆیە نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن. ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت.

»
«

«ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.» کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو. گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»

»
«

بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو. کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست.

»
«

شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو. هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت. هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا. بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.

»
«

ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو: ﴿ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە. لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا. ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟ چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.﴾

»
«

شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟» شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟» فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. [بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.]

»
«

پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن.

»
«

هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن.

»
«

لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا. هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت. کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو. کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.

»
«

کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و

»
«

ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»

»
«

پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

»
«

ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن. جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات. ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە.

»
«

هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“

»
«

«ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا.

»
«

بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»

»
«

کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە.

»
«

شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.

»
«

«منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“

»
«

کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون. چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.»

»
«

«لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.

»
«

لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن.

»
«

ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن.

»
«

تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات،

»
«

کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین. ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین! لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین!

»
«

ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین. ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.

»
«

بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، جارێکی دیکە نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت. ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن.

»
«

ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان.

»
«

ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین. پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت،

»
«

دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان،

»
«

ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

»
«

ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟

»
«

کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾ بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین، چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

»
«

﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾ بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾ لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون.

»
«

بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە. شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە.

»
«

لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن. ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن.

»
«

بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین. خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ بەڵام: ﴿ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت.﴾

»
«

با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە. ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن. فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت، چونکە خزمەتکاری خودایە و بۆ چاکەی تۆ کار دەکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە و بە تووڕەیی خودا سزای خراپەکاران دەدات.

»
«

لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین. هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.

»
«

بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾

»
«

ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟

»
«

چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک.

»
«

هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین. بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.

»
«

یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە جەستەتان ڕێزی خودا بگرن.

»
«

جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە.

»
«

ئەگەر هەموو سامانم بدەمە هەژاران و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت. خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە. بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات. بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت. خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.

»
«

بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان.

»
«

دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە.

»
«

ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

»
«

ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت.

»
«

بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە.

»
«

چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾ ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾

»
«

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک، ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین. ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، کە لە دانبەخۆداگرتنی ئێوەدا بەرگەگرتنی بەرهەم هێناوە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.

»
«

خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین. بێگومان هەستمان دەکرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵکو بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە. ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات،

»
«

بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت، چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.

»
«

بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین، چونکە کە پۆشیمان ئیتر بە ڕووتی نابینرێین. لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.

»
«

بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە جەستەدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. بۆیە ئامانجی بەرزمان ڕازیکردنی خودا دەبێت، جا ئیتر لە جەستەدا نیشتەجێ بین یان دوور بین لێی،

»
«

خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.

»
«

لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە!

»
«

لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

»
«

ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین. متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.

»
«

ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون.

»
«

ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم، سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەربرد. بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن، بە ڕەنجدان و ماندووبوون، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینووێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی. ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت.

»
«

بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

»
«

بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، کە چۆن دڕندانە کڵێسای خودام چەوساندەوە و هەوڵم دا لەناوی ببەم.

»
«

من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من.

»
«

جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە.

»
«

بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە.

»
«

ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.

»
«

لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان،

»
«

بەهۆی ئەمەوە، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…

»
«

بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ناخۆشییەکانم ورە بەرنەدەن کە بۆ ئێوەیە، شکۆمەندی ئێوەیە. لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم،

»
«

منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن.

»
«

لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.

»
«

خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد، تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپراتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم. مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن.

»
«

بە پەرۆشەوە چاوەڕوان و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵکو ورەم بەرز بێت بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن،

»
«

چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەوە زۆر باشترە،

»
«

بەبێ ئەوەی لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان بترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە. چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو،

»
«

کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و هەتا مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ.

»
«

بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم، ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان.

»
«

چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین.

»
«

بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم. لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە یەک هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت. ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی، تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.

»
«

بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.

»
«

هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن. دیسان دەیڵێمەوە، دڵشاد بن!

»
«

نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت. ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.

»
«

ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە.

»
«

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون. کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی،

»
«

بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن.

»
«

ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد،

»
«

ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن،

»
«

تاکو لەم ناخۆشییانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا.

»
«

خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان بێ ئاگا بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین،

»
«

ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو، لەگەڵ ئەو بژین.

»
«

هەمیشە دڵشاد بن، بەردەوام نوێژ بکەن، لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.

»
«

بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن. ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە، هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.

»
«

بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن.

»
«

چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین. بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت. خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.

»
«

لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە.

»
«

وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح، لەگەڵمان بەشداری لە ئازار بکە. هیچ سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات.

»
«

یادی عیسای مەسیح بکە، کە لەنێو مردووان هەستایەوە و لە نەوەی داود بوو. ئەمە پەیامی ئینجیلەکەمە، کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی. ئەم قسەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین، ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.

»
«

بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم. هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،

»
«

بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە. سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.

»
«

لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و

»
«

بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم،

»
«

بەڵام عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەموو کەسێک مردن بچێژێ. لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو.

»
«

بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون.

»
«

کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت.

»
«

عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا. هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.

»
«

ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە. کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە،

»
«

هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن. ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن. ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو. بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.

»
«

بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە.

»
«

چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.

»
«

کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە.

»
«

با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن. لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە.

»
«

لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.

»
«

خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە نێو جۆرەها تاقیکردنەوە و ناخۆشییەوە، چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. با دانبەخۆداگرتن کاری خۆی تەواو بکات، بۆ ئەوەی تەواو و پێگەیشتوو بن و کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت.

»
«

خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت.

»
«

خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

»
«

بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە. ئەو میراتە بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ.

»
«

ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیاد دەنرێن، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە،

»
«

بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن. ﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾ ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە.

»
«

بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾

»
«

لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،

»
«

خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، بەڵکو دڵخۆش بن وەکو ئەوەی کە بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کردبێت، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان.

»
«

بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە،

»
«

بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.

»
«

کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.

»
«

بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات. چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. بەربەرەکانێی بکەن، لە باوەڕەکە بچەسپێن، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن. خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن.

»
«

وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست.

»
«

خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی. بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.

»
«

ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە.

»
«

چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت. ئەو سەرکەوتنەش کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

»
«

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا دێت و هەموو چاوێک دەیبینێت، ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە، هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن. بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین. یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»

»
«

منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»

»
«

بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە: ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»

»
«

«ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.

»
«

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، لە مەنی شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»

»
«

«ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ، ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾ هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

ئەوەی سەربکەوێت، دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

»
«

کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون. بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟» جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.

»
«

پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو،

»
«

دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟» منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.» پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

»
«

نەتەوەکان تووڕە بوون، بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە. کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات، بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»

»
«

ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان، بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.

»
«

ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.

»
«

ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا.

»
«

هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی. ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە.

»
«

ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن. گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!» ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»

»
«

هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.

»
«

هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون. تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

»
«

کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو.

»
«

چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد. (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.) ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدار و پیرۆزە. ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح، هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن.

»
«

ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.» دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو.

»
«

ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.

»
«

«ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net