04 – بەدیهێنانی زەوی

ئەمانە وشە پیرۆزەکانی خودای سوپاسالارە.
ئێمە گرنگی بە وشەی مرۆڤ نادەین.
بۆ هەر کەسێک کە خودای خۆشدەوێت... ئەمە ئەوەیە کە خودا دەڵێت دەربارەی: بەدیهێنانی زەوی.

سێ گرنگترین ئایەت

«

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.

»
«

بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە.

»
«

لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.

»

هەموو ئایەتێک بە ڕێکوپێکی کتێبی پیرۆز - 104 بڕگەکان

«

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە. خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.

»
«

خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. خودا بۆشاییەکەی ناو نا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.

»
«

خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. خودا وشکانییەکەی ناو نا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناو نا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.

»
«

ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.

»
«

ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.» ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.

»
«

خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

»
«

ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.» خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.» ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو. خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.

»
«

بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران. ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.

»
«

ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد. هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو. ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.

»
«

ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە. ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ». کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت.

»
«

چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.

»
«

لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»

»
«

بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە،

»
«

جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟

»
«

ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە،

»
«

ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە، کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە، هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان. «لەبەر ئەوەی کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن، جیهانی لەسەر داناوە.

»
«

بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی.

»
«

حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.

»
«

ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.

»
«

تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.

»
«

زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە. فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە. خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە. دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن. کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن.

»
«

«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛ یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن. کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟ ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟

»
«

ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت. ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و هەور لەژێری نادڕێت. ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە، هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە. ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی. کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.

»
«

ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.

»
«

یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی: «ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و ڕاوێژی من تێک دەدات؟ ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە، پرسیارت لێ دەکەم و وەڵامم بدەوە. «کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟ ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ. کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت! یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟ بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند، یان کێ بەردی بناغەکەی دانا، کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و هەموو فریشتەکان هوتافیان دەکێشا؟ «کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد، کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە، کە هەورم کردە بەرگی و هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی، کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و دەروازە و شمشیرەم بۆ دانا، فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛ لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟

»
«

«سەیری بەهێمۆت بکە، کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد وەک مانگا گیا دەخوات. ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی. کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛ ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.

»
«

کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم، کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە، مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،

»
«

ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی تۆ، لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.

»
«

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.

»
«

بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان. لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،

»
«

زەبوورێکی داود. زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین، چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

»
«

بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.

»
«

ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش، گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە. باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون، تابۆر و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.

»
«

بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن، یان زەوی و جیهان دروستببن، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

»
«

دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە، بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا. وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین، لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،

»
«

لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن.

»
«

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە. وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە، وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت. بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت. زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت.

»
«

ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ. ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.

»
«

کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.

»
«

با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی. ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.

»
«

ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە، با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

»
«

یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە، دروستکەری ئاسمان و زەوی.

»
«

هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە، دروستکەری ئاسمان و زەوی.

»
«

یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات، لە ئاسمان و لەسەر زەوی، لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.

»
«

ئەوەی بە تێگەیشتنەوە ئاسمانی دروستکردووە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. ئەوەی زەوی لەسەر ئاوەکان ڕاخستووە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. ئەوەی ڕووناکییە مەزنەکانی دروستکردووە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. خۆر بۆ حوکمگێڕی ڕۆژ، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. مانگ و ئەستێرەکان بۆ حوکمگێڕی شەو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

»
«

تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە. ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.

»
«

دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.

»
«

ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.

»
«

یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.

»
«

«یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد، هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی. لە ئەزەلەوە من دامەزراوم، لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی. هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم، هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون. پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن، پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم، هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو، نە سەرەتای خۆڵی زەوی. کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم، کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا، کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند، کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن، کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت. لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم، ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم، هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم، لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم، لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.

»
«

گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت، یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.

»
«

ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

»
«

خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم، چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

»
«

ئای لە هاڵاوگێڕیتان، ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت: «تۆ دروستت نەکردم»؟ یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت: «تێناگەیت»؟

»
«

«ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.

»
«

کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟

»
«

ئایا نازانن؟ ئایا نابیستن؟ ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟ ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.

»
«

چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە، کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و ناو لە هەموویان دەنێت؟ لەبەر زۆری هێز و توندی توانای هیچ کامیان ون نابێت.

»
«

ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.

»
«

خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی، ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت، هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی، ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن، ئەمە دەفەرموێت:

»
«

هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»

»
«

«یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانم، دروستکەری هەموو، بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە، زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،

»
«

«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟ من زەویم دروستکرد و مرۆڤی سەریم بەدیهێنا. دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.

»
«

یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

»
«

«ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی ئیسرائیل، ئەوانەی کە بانگم کردن. ئەوە منم، من سەرەتا و من کۆتاییم. دەستی من زەوی دامەزراند، دەستی ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە. کاتێک من بانگیان دەکەم، پێکەوە دەوەستن.

»
«

تۆ کێیت تاوەکو یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت، کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و زەوی دامەزراندووە، کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە لە تووڕەیی ستەمکار، کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟ بەڵام کوا تووڕەیی ستەمکار؟

»
«

بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت، ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.

»
«

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە. کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟ جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «من ڕوو لەمە دەکەم: لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.

»
«

بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن. «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“» بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

»
«

من بە توانای مەزنی خۆم و بە دەستی بەهێزم زەویم دروستکردووە، هەروەها مرۆڤ و ئاژەڵیش کە لەسەرین، ئەوەی بمەوێ دەیدەمێ.

»
«

«ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە.

»
«

«خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

»
«

ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە،

»
«

ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت، ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت، ناوی یەزدانە.

»
«

ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»

»
«

چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

»
«

ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل. یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت:

»
«

بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾

»
«

کوڕی ئەنۆش، کوڕی شیت، کوڕی ئادەم، کوڕی خودایە.

»
«

لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.

»
«

ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی.

»
«

کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»

»
«

«﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟

»
«

«خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.

»
«

«ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“

»
«

لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.

»
«

وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾ ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.

»
«

لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.

»
«

چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا. دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە.

»
«

چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

»
«

بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.

»
«

بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە.

»
«

ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە.

»
«

چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: ﴿با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،﴾ ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لە ڕووی عیسای مەسیحدا.

»
«

پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە،

»
«

کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، چونکە بەو هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی لە ڕێگەی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە.

»
«

بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.

»
«

هەروەها: ﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.

»
«

لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە.

»
«

بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.

»
«

پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون، دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.» بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە. هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو. بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون. بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە.

»
«

«ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»

»
«

سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون و گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت!

»
«

ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

»

Kurdish - کوردی - KU (RTL)

CKBB'20 - Central Kurdish Kurdi Sorani Standard - 2020

This Bible text is from Kurdish Central Biblica Open Kurdi Sorani Standard Version 2020
https://open.bible/bibles/kurdish_central-biblica-text-bible/
provided by: Biblica Inc, available by Creative Commons CC-BY-SA-4.0,
and this new compilation is shared as www.creativecommons.org/licenses/by-sa/4.0.
Languages are made available to you by www.ipedge.net